گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شەش پرسیارى گرنگ لەبارەى ڤاکسینى چاوەڕوانکراوى کۆرۆنا

2020.07.20 - 20:48
شەش پرسیارى گرنگ لەبارەى ڤاکسینى چاوەڕوانکراوى کۆرۆنا

ناس کورد-

جیهان چاوەڕوانى ئەنجامى کۆتایی تاقیکردنەوەى ئەو ڤاکسینانەیە کە زانایان گەشەیانپێداوە بۆ خۆپاراستن لە کۆرۆنا و کۆمپانیاکان کێبڕکێ دەکەن لەو بارەیەوە، لەکاتێکدا ڤایرۆسەکە بەشێوەیەکى خێرا و کوشندە بەردەوامە لە بڵاوبوونەوەى بە جیهاندا.

 

بەڵام ڤاکسینى لەو شێوەیە کە هەموان بەدوایدا دەگەڕێن دیار نییە نرخەکەى چەند دەبێت و ئایا بۆ هەموان بەردەست دەبێت یاخود نا.

 

ئەمڕۆ ڤاکسینەکەى زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانی لە یەکەم تاقیکردنەوەیدا لەسەر مرۆڤ سەرکەوتوو بووە و توانیویەتی سیستمی بەرگریی لەشی کەسەکان گەشە پێ بدات تاوەکو ڕوبەڕوی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببنەوە.

 

شارەزایان پێیانوایە دەبێت داوا لە کۆمپانیاکانى دەرمان بکرێت دەستبەردارى قازانج بن لە پێناو ڕزگارکردنى مرۆڤایەتى، بەڵام هەندێکى دیکە پێیانوایە کۆمپانیاکان دەستبەرداریی بەرژەوەندییەکانیان نابن.

 

ڕۆژى سێشەممە نوێنەرانى پێنج گەورە کۆمپانیا، کە گەیشتوون بە قۆناغێکى پێشکەوتوو لە توێژینەوە لەسەر ڤاکسینەکان، لەگەڵ لیژنەیەکى کۆنگرێسى ئەمریکى کۆدەبنەوە، کە هەندێک پێیانوایە هەلێکە بۆ راستکردنەوەى رێڕەوى پیشەسازى دەرمان.

 

گۆڤارى ستات نیوزى پزیشکى چەند پرسیارێکى جەوهەرى وروژاندووە لەبارەى ڤاکسینى کۆرۆنا، کە یاسادانەرنى ئەمریکا داواى وەڵامیان لە کۆمپانیاکان دەکەن.

 

1- وادەى پێشبینیکراوى بەرهەمهێنانى ڤاکسینەکە کەیە؟

کۆمپانیاکان دەڵێن بەرهەمهێنانى ڤاکسین لە پایزى ئەمساڵدا یان ساڵى داهاتوودا دەبێت، دواى تەواوبوونى تاقیکردنەوەکان، بەڵام شارەزایانى بوارى نەخۆشیە گوازراوەکان و گەشەپێدانى ڤاکسینەکان پێیانوایە ئەو کارە پێویستى بە چەند ساڵێکە.

 

2- ئایا نرخەکەى گونجاوە؟

ئەو پرسیارە بە گرنگترین دادەنرێت لاى کۆمپانیاکان و تاقیگەکانى دەرمان، کە کاریگەرى دەبێت لەسەر تێچوون و قازانج، سەرەڕاى ئەوەى هەندێک لە کۆمپانیاکان ڤاکسینەکەیان گەشەپێداوە بە پشتیوانى باجدەرانى ئەمریکا، ئەوەش ئەوە لەسەر کۆمپانیاکان پێویست دەکات کە پابەندبن بە ئاستێکى دیاریکراوى نرخ و پارێزگاریکردن لێی و زیادنەکردنى لەساڵانى داهاتوودا، بەو پێیەى هێشتا پێشبینى هەیە بۆ بەردەوامى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە لە ساڵانى داهاتوودا، ئەوەش واتاى بەردەوامى خواستە لەسەر ڤاکسینەکان.

 

3- چۆن کۆمپانیاکان زانیارى لەسەر تاقیکردنەوەکان بڵاودەکەنەوە؟

لە چەند مانگى کەمى ڕابردوودا، کۆمپانیاکان چەندین بەیاننامەى رۆژنامەوانى جیاجیایان بڵاوکردووەتەوە، کە زۆربەیان هەڵگرى هەواڵى ئەرێنى بوون لەبارەى ڤاکسینێکى دیاریکراو، کە دواتر دەرکەوتووە دروست نەبووە، تەنانەت هەندێکیان دەستیان بە تاقیکردنەوەش نەکردبوو، ئەوەش وا پێویست دەکات میکانیزمى بڵاوکردنەوەى ئەنجامى تاقیکردنەوەکان بەشێوەیەکى زانستى بێت و پێداچونەوەى پێبکرێت لەلایەن زانایانى تایبەتمەندەوە.

 

4- چۆن ڤاکسینەکان دەستدەکەون؟

چەندین وڵات جموجۆڵیان دەستپێکردووە بۆ واژۆکردنى گرێبەست بە ئامانجى کڕینى ملیۆنان پێکوتە، تەنانەت پێش ئەوەى بەشێوەیەکى ڕاستەقینە بەرهەمبهێنرێن، بەڵام بەشێوەى کرداریی پلانى کۆمپانیاکان چییە بۆ دابینکردنى خواستەکان؟ ئەو پرسیارە گرنگە پێویستى بە وەڵامێکى روون و دیاریکراو هەیە.

 

5- مۆڵەتى تاقیکردنەوە فریاگوزارییەکان، کۆمپانیاکان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەوە؟

زۆربەى کۆمپانیاکان داواکارییان پێشکەشکردووە بۆ ئەنجامدانى تاقیکردنەوە بەشێوەیەکى فریاگوزاریی، ئەوەش لەلایەن دامەزراوەى خۆراک و پزیشکى ئەمریکییەوە رێگەى پێدراوە، بەڵام ئایا ئەو ماناى ئەوەیە لە هەڵگرتنى بەرپرسیارێتى دەبەخشرێن؟ ئەو پرسیارەش پێویستى بە وەڵامە.

 

6- ئاستى بەرهەمهێنانى ڤاکسینەکان کێ دیاریدەکات؟

زۆرینەى کۆمپانیاکانى پیشەسازى دەرمان رەهەندێکى بازرگانیان هەیە بۆ ئاستى بەرهەمهێنان، بەشێوەیەک کە بتوانن ملیۆنان پێکوتە بەرهەمبهێنن تەنانەت پێش ئەوەى بزانرێت کە ئایا ئەو ڤاکسینە بەشێوەیەکى کارا کاردەکات یاخود نا؟