ناس کورد-
لیژنەی باڵای سەرپەرشتی تۆمارکردنی هەژارەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی رۆژى 27ى ئەم مانگەى وەک دوا وادە بۆ گەڕاندنەوەی فۆڕمى تایبەت بە وەرگرتنى هاوکارى حکومەت دیاریکرد.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لیژنەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە لەکۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆى کردووە لەبارەى پرۆسەی دابەشکردنو وەرگرتنەوەی فۆڕمی هەژاریو ئەو گرفت و ڕێگریانەی لەبەردەم پرۆسەکەدا هەن، لەگەڵ میکانیزمەکانی کاری داخڵکردنی زانیارییەکانو شێوازی کارکردنی پڕۆگرامەکان.
عومەر گوڵپى بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند "گرنگترین خاڵی ئەم شێوازی دابەشکردنەی فۆڕم ئەوەیە کە دەرفەتی چونیەک بۆ هاووڵاتیانی هەژار دەستەبەر دەکات تا خۆیان تۆماربکەن".
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا دەرفەتی دابەشکردنی فۆڕم و گەڕاندنەوەی تا ڕۆژی دووشەممە، 27ى ئەم مانگە بۆ سنوری پارێزگای سلێمانی کراوەبێت و بۆ سنوری ئیدارەی ڕاپەڕینیش تا ڕۆژی چوارشەممە، لەو بەروارە بەدواوە فۆڕم لە هاووڵاتیان وەرناگیرێت.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، جەختکرایەوە لەسەر ڕێگەگرتن لەوەی فۆڕمەکە لەلایەن خەڵکانی ناشایستەوە پڕ بکرێنەوە، ئەوەش بۆ ڕەخساندنی دەرفەت و وەرگرتنی ئەو هاوکارییە بۆ هەژارترین خێزانەکان، لە کەمو کورتی هەر زانیارییەک و هەڵە پڕکردنەوەی هاووڵاتی بەرپرسیارە، چونکە بوون و بەردەوامی مەترسی کۆرۆنا ڕێگربووە لەوەی کارمەندان لە فەرمانگەکان فۆڕمەکە بۆ هاووڵاتیان پڕ بکەنەوە.
بڕیارە لە سنوری پارێزگای سلێمانی 35 هەزار خێزانو لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین هەشت هەزار و 300 خێزان هەریەکەیان بە بڕی 100 هەزار دینار هاوکاری بکرێن لەو هاوکارییەی کە حکومەتی هەرێم لە سەرمایەدارەکانی کۆکردووەتەوە بۆ هاوکاری هەژاران بەهۆی دۆخی کۆرۆناوە.
مەرجی سەرەکی هاوکارییەکان بریتیە لەوەی نابێت خێزان داهاتەکەی چ مووچە بێت یان لە کەرتی تایبەت لە 400 هەزار دینار زیاتر بێت.
فۆڕمەکە پێویستە سەرۆک خێزان پڕیبکاتەوەو بەرپرسیاریش دەبێت لە پیشکەشکردنی زانیارییەکانو هەرکات دەرکەوت زانیاریی ناڕاستی پێشکەشکردووە، بە پێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.