گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناس کورد ئاشکرای دەکات

یەکێتى پرسی کشانەوە لە حکومەت و پەرلەمان ’’یەکلادەکاتەوە’’

2020.07.20 - 17:34
یەکێتى پرسی کشانەوە لە حکومەت و پەرلەمان ’’یەکلادەکاتەوە’’

ناس کورد-

چاوەڕوان دەکرێت یەکێتى نیشتیمانى کوردستان لەدوو هەفتەى داهاتوودا خۆى یەکلايی بکاتەوە لەبارەى ئەگەرى کشانەوەى لە حکومەت و پەرلەمان، یاخود درێژەدان بە مانەوەى، ئەوەش بەوتەى سەرچاوەیەکى بەرپرس لەو حزبە.

 

ڕۆژى 28ى حوزەیرانى ڕابردوو ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتى کۆبووەوە، بە ئامانجى تاوتوێکردنى پرسی هەڵپەساردنى بەشداریکردنیان لە حکومەت و پەرلەمان و ماوەى 30 رۆژى دیاریکرد بۆ بڕیاردان لەو بارەیەوە، ئەوەش دواى دەرکردنى بڕیارى کەمکردنەوەى موچەى فەرمانبەران لەلایەن حکومەتەوە.

 

کۆبوونەوەکە دواى ڕاگەیەنراوەکەى مەکتەبی سیاسی یەکێتى هات کە تێیدا پشتیوانى بۆ بڕیارەکەى حکومەت نیشاندا، بەڵام هەر زوو لاهور شێخ جەنگى هاوسەرۆکى یەکێتى لە پەیامێکدا هۆشداریدا لەوەى بەشدارییان لە حکومەت و پەرلەمان هەڵدەپەسێرن ئەگەر هەرێم و بەغدا نەگەنە رێککەوتن و شه‌فافییه‌ت نه‌بێت له‌ خه‌رجی و داهات.

 

سەرچاوەیەکى بەرپرس لە یەکێتى بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "هێشتا وادە 30 ڕۆژییەکە کۆتایی نەهاتووە، لە دوو هەفتەى داهاتوودا ئەنجومەنى سەرکردایەتى کۆدەبێتەوە و لەو بارەیەوە بڕیار دەدرێت".

 

وتیشى، "هەر بڕیارێک بدرێت دواى ڕاوێژ دەدرێت، چونکە ئەوە بڕیارێکى سیاسییە و پێویستى بە گفتوگۆ هەیە".

 

ئەى کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی؟

تاوتوێکردنى پرسى کشانەوە لە حکومەت و پەرلەمان لەلایەن یەکێتییەوە لەکاتێکدایە، هەوڵێک لە ئارادایە بۆ کۆبوونەوەى پارتى و یەکێتى تا لەسەر چارەسەرى کێشەکانیان ڕێکبکەون لەناویاندا کێشەکانیان لە حکومەت.

 

سەرچاوەکە وتى، "پلانێک هەیە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتى، بەڵام هێشتا وادەکەى دیار نییە، مەرجیش نییە بکەوێتە دواى کۆبوونەوەى سەرکردایەتى یەکێتى".

 

کێشەکانى پارتى و یەکێتى لەدواى بەستنى کۆنگرەى یەکێتى یەوە زیاتر کەڵەکەبوون، کاتێک ئەو حزبە هاوسەرۆک و سەرکردایەتییەکى نوێی هەڵبژارد، ئەوەش پارتى خستە بەردەم حزبێکى نوێوە کە داواى پێداچونەوە دەکات بە سەرجەم رێککەوتنەکان و هەندێکجاریش رەخنە لە بڕیارەکانى حکومەت دەگرێت.

 

کێشەکان زۆربەى جومگەکانیان گرتووەتەوە بەتایبەت لە حکومەت و پەرلەمان، تەنانەت لەسەر ئاستى سەربازیش کێشە لەنێوانیاندا دروستبوو لەچەند مانگى ڕابردوودا کاتێک دوو بارەگاى سەربازى جیاجیان لە سنورى زینى وەرتێ دانا.

 

پێدەچێت یەکێتى لە ئێستادا چاوەڕوانى کۆبوونەوەکەى بێت لەگەڵ پارتى، پێش ئەوەى هەر بڕیارێک بدات بۆ کشانەوەى لە حکومەت و پەرلەمان.

 

حاجى مەسیفى، جێگرى بەرپرسى مەڵبەندى هەولێرى یەکێتى لەچەند رۆژى ڕابردوودا بە ناس کوردى ڕاگەیاندبوو، "هەردوو حزب ڕەزامەندن لەسەر کۆبوونەوە ئەوەش تاکە چارەسەرە".  

  

هێشتا وادەى ئەنجامدانى کۆبوونەوەکە نادیارە، بەڵام ئەگەر ببەسترێت رەنگە لە بارەگاى سەرۆکایەتى هەرێم بێت لە هەولێر، لەگەڵ ئەوەشدا هەردوو حزب لە چەند مانگى ڕابردوودا دووجار لەسەر بەستنى کۆبوونەوە رێککەوتن و پێش ئەنجامدانیان هەڵیانوەشاندەوە.  

    

لەدواى کۆتایی هاتنى کۆنگرەى یەکێتییەوە لە کۆتایی ساڵى ڕابردوودا کە بەرپرسانى ئەو حزبە بە کۆنگرەى "نوێبوونەوە" ناویان برد، هیچ کۆبوونەوەیەک لەنێوان ئەو دوو حزبە نەکراوە.  

 

یەکێتی پڕۆژەى هەیە

حاجى مەسیفى دەڵێت، "پڕۆژەیەکمان ئامادەکردووە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتى، کە پرسی ناوخۆیی و پەیوەندى لەگەڵ بەغدا و پرسی سنوربەزاندن خاکى هەرێمى لەخۆ گرتووە، لەگەڵ پێداچونەوە بە رێککەوتنەکان".  

  

وتیشى، "لەسەر ئاستى ناوخۆ جەخت لەسەر پرسی شەراکەت و پێداچونەوە بە رێککەوتنەکان و خزمەتکردن بەخەڵک دەکەینەوە، هەروەها دەبێت پرسی پەیوەندییەکان و رێککەوتن لەگەڵ بەغدا چارەسەرى بۆ بدۆزرێتەوە".  

  

حاجى مەسیفى باسى لەوەشکرد، بەشێکى دیکەى پڕۆژەکە تایبەتە بە پرسی بەزاندنى سنور لەلایەن تورکیاوە، ناکرێت ئەو وڵاتە بە ئارەزوى خۆى پەنجا کیلۆمەتر خاک ببەزێنێت، دەبێت ئەو پرسانە چارەسەر بکرێن.  

  

یەکێتى ماوەى چەند مانگێکە جەخت لەسەر پرسی شەراکەت لە حکومەتدا دەکاتەوە لە ئاماژەیەکدا بۆ باڵادەستى و هەژمونى پارتى بەسەر کابینەکەدا، لەکاتێکدا ئەو حزبە بەردەوام تۆمەتى هەژمونى خۆى بەسەر حکومەتدا رەتدەکاتەوە و دەڵێت بڕیارەکان لەئەنجومەنى وەزیران بە کۆدەنگى دەدرێن.  

 

ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامى ئەنجومەنى سەرکردایەتى پارتى پێشتر بە ناس کوردى ڕاگەیاندبوو، هەوڵ هەیە بۆ کۆبوونەوەى پارتى و یەکێتى و کۆبونەوە دەکرێت، بەڵام وادەکەى دیار نییە "ئێستا لە ڕاگەیاندن گرژییەکان نەماوە، ئەوەش هەلێکى باشە بۆ کۆبوونەوە".    

  

لەبارەى چارەسەرى کێشەکانەوە، ئاراس میرخان جەختیکردبووەوە لە ئێستادا کۆبوونەوەکە گرنگە، دواتر بۆ چارەسەرى کێشەکان دەکرێت کۆبوونەوەى دیکەش بکرێت.