ناس کورد-
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لەبارەی دەنگۆی ڕادەستکردنی برازایەکی ساڵح موسلیم لە هەرێمی کوردستانەوە بە میتى تورکیا ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە کراوە "ئەو ئەندامەی یەپەژە پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ چەکدارێکی دیکەدا هەبووە و هەردووکیان ڕایانکردووە و خۆیان ڕادەستی تورکیا کردووە".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕونکردنەوەکەدا وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند :"دەربارەی ئەو تۆمەتانەی کە گوایە کەسێک بە ناوی (دالیا مەحمود موسلیم ) لە هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی تورکیا کراوەتەوە، بە پێویستی دەزانین ڕای گشتی ئاگادار بکەینەوە کە ئەم هەواڵە هیچ بنەمایەکی نییە، بەڵکو هەوڵێکی چەواشەکارانەیە بۆ داپۆشینی ڕاستیی بابەتەکە ".
ئاماژەی بەوەشكردووە :"دالیا مەحمود موسلیم ناسراو بە (ڤیان شەڕڤان) دوای ئەوەی واز لە هێزەکانی یەپەژە هێناوە و لەگەڵ چەکدارێکی دیکەی خەڵکی بەدلیسی باکووری کوردستان بەناوی ( سەلام رەمەزان محەمەد ناسراو بە تولهەلدان) کە لەڕیزەکانی یەپەگە بووە، پەیوەندی خۆشەویستی دروست کردووە و هەردووکیان بەیەکەوە بڕیاری وازهێنانیان داوە و ڕایانکردووە".
وەزارەتی ناوخۆ ئەوەشی خستووەتەڕوو :"سەلام لە ڕۆژی 9ی ئەم مانگەدا بە ئارەزووی خۆی گەڕاوەتەوە تورکیا و پاشان دالیا مەحمود ساڵح بۆ پەیوەندیکردن بە سەلام لە ڕۆژی 14ی ئەم مانگە بە قاچاخ چووەتە تورکیا و دواتر لە شاری مێرسین خۆی ڕادەستی پۆلیسی تورکیا کردووە، بۆیە هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بەم بابەتەوە نییە."
لەڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا ڕاگەیاندنەکانی پەکەکە و هاوبۆچوونەکانیان بەوە تۆمەتبار کراوون کە لە جیاتی تۆمەت بەخشینەوە، هەقە ئەو پرسیارە لە خۆیان بکەن کە بۆچی خەڵک واز لە ڕیزەکانی ئەوان دەهێنێت و ئامادەن بۆ دەربازبوون لە هەڕەشەکانیان، لە ڕێگەی قاچاخ ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە.
جەختیشیکردووەتەوە: "دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا ئامادەیی تەواوی خۆیان بۆ لێکۆڵینەوە دەردەبڕن، هەرێمی کوردستان وەک هەمیشەش بە پەناگەیەکی ئارام دەمێنێتەوە بۆ ئەوانەی رووی تێدەکەن و ئەم هەوڵە چەواشەکارانەیەش، هیچ کاریگەرییەکی نابێت لە سەر هەڵوێستی نەگۆڕی".
ڕونکردنەوەکەی وەزارەتی ناوخۆ لەکاتێکدایە، شەوی ڕابردوو، بنەماڵەی ساڵح موسلیم ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند :"کچەکەمان بۆ چارەسەری نەخۆشی ڕوویکردووەتە هەرێمی کوردستان، بەڵام لەوێوە ڕادەستی تورکیا کراوە".