کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد-
.
وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕوونکردنەوەیەک دەربارەی لێدوانی پەرلەمانتارێک بڵاودەکاتەوە و ڕەتی دەکاتەوە پارەی مووچە بۆ مەبەستی دیکە خەرجکرابێت.
.
لە ڕوونکردنەوەکەدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتەکەدا بڵاوکراوەتەوە، وەڵامی لێدوانێکی د.ڕێبوار كەریم ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دراوەتەوە.
.
ئەو پەرلەمانتارە لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاندبوو، حكومەتی هەرێم پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كە لەبەغداوە هاتووە بۆ "شتی تر خەرج كردووە و بەپێی زانیارییەكانمان داویانە بە پارەی وەبەرهێنەران."
.
لە وەڵامدا وەزارەتی دارایی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، حكومەتی ھەرێم هەموو پێنجی مانگێک موچەی دابەشكردوە، "ئەم مانگەش بەهۆی ئەوەی ئەو ڕۆژە هەینی بوو، بۆیە دابەشکردنی مووچە دوو ڕۆژ دواکەت."
.
وەزارەتەکە باسی لەوەش کردووە کە حكومەتی بەغداد بۆ مانگی یەک و دووی 2019 بری 317 ملیار دیناری ناردوە بۆ ھەرێم، بەوەش مووچەی مانگی 10 و 11ی 2018ی پێدراوە بەپێی سیستمی پاشەکەوت.
.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە کە "لە مانگی 3 دا بڕی 453 ملیار دینار هاتووە كە موچەی مانگی دووی 2018ی پێ دراو بێ پاشەكەوت، مووچەی بێ پاشەكەوت پێویستی بە 881 ملیار دینارە مانگانە و بری 200 ملیار دینار بۆ تەواوكاری مانگی یەک و دوو ھاتوە كە بۆ مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و دەرماڵە و جیاوازیی مووچەی موچەخۆران بەكارھاتوەو بە ھیچ شێوەیەك بۆ ھیچ بابەتێكی تر بە كارنەھاتوەو تەواوی ئەو قسە و ھەواڵە ناڕاستانە رەتدەكەینەوەو ھیچ بنەمایەكی نییە".
.
لە کۆتاییشدا وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایدەگەیەنیت کە مانگانە حكومەتی ھەرێم لە نێوان پێنج مانگ تا 25 مانگ موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان دابەش دەكات، 23ی ئەم مانگەش كۆتا ڕۆژی دابەشكردنی مووچەیە.
.
.