ناس کورد-
هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆبوونەوە و تاووتوێی چەند پرسێکیان کرد، لەنێویاندا پەیوەندییەکانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و جەختکرایەوە لە پێویستی یەكلاكردنەوەی دۆسیە هەڵپەسێردراوەكان كە زامنی مافی هاووڵاتی بكات بەبێ جیاكاری و بەگوێرەی دەستوور.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ یەكشەممە 19ی تەموزی 2020، لە كۆشكی بەغداد هەریەک لە سەرۆك كۆمار د.بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق، مستەفا کازمی، سەرۆك وەزیران و محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، لەو كۆبوونەوە سێ قۆڵییەدا دواین دەرئەنجامەكانی دۆخی تەندروستی لەبەر رۆشنایی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و تەواوی پێشهاتەكانی دۆخی سیاسی و ئابووری و ئەمنی لە وڵات تاوتوێ كرا.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەختکرایەوە لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی لایەنە تەندروستییەكان بۆ دابینكردنی پێداویستی چارەسەر و پشكنینەكان و پەرەپێدانی توانای پێویست بۆ نەخۆشخانە و ئەو شوێنانەی كە دابڕینی تەندروستییان بۆ كراوە، بەجۆرێک ببێتە مایەی بەرەو پێشبردن و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و چارەسەری باشتر بۆ هاووڵاتیان.
ئەوەش خراوەتەڕوو: "لە بەشێكی دیکەی كۆبوونەوەكەدا چەندین رێگەچارەی گونجاو گفتوگۆی لەبارەوە كرا لە پێناو تێپەراندنی دەرهاویشتەكانی دۆخی ئێستای دارایی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان، بەتایبەت توێژی كۆمەڵایەتی كە خاوەن داهات و توانای سنوردارن، هەروەها كاری زیاتر بكرێت بۆ زامنكردنی خزمەتگوزاری بە تایبەتیش لە بواری تەندروستی و درێژەدان بە كاروانی ژیاری و بازاڕ."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "كۆبوونەوەکە ستایشی ئەو رێوشوێنە حكومیانەی كرد كە گیراوەتەبەر بۆ زامنكردنی سەرچاوەی جۆراوجۆر لە داهاتی نیشتمانی و هەوڵدان بۆ سنورداركردنی سروشتی پاوانخوازی لە سیستەمی ئابووری و دارای، لەو نێوەندەشدا كۆبوونەوە بە ستایشی زۆرەوە لەو رێوشوێنە حكومیانەی روانی كە گیراونەتەبەر بۆ كۆنترۆڵكردنی خاڵە سنورییەكان و گرتنەبەری رێوشوێنی كارا كە ببێتە هۆی ریشەكێشكردنی گەندەڵی و گەندەڵكاران و پارێزگاریكردن لە دارایی گشتی و ئابووری نیشتمانی و جەختكردنەوە لە سەروەری دەوڵەت و هێزی یاسا."
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە: "تەوەرێکی دیکەی كۆبوونەوە تەرخانكرا بۆ تاوتوێكردنی دۆخی ئەمنی كە بەگرنگی تایبەتەوە لەو رێوشوێنە ئەمنی و هەواڵگری و سەربازییانەی ئێستای روانی لە پێناو بەردەوامیدان بە جەنگی دژ بە تیرۆر و قەڵاچۆكردنی پاشماوە و رەگ و ریشە و شانە نوستوەکانی تیرۆریستان."
ئاماژە بەوەشكراوە: "هەر لەو كۆبوونەوە سێ قۆڵییەدا پێویستی كاری جددی و چڕكردنەوەی هەوڵەكان تاوتوێكرا لە پێناو رەخساندنی كەشێكی لەبار بۆ هەڵبژاردنی پێش وەخت و دیاریكردنی وادەیەك بۆ ئەنجامدانی لەبەر رۆشنایی ئەو بەڵین و پابەندیی و بەرپرسیارییانەی كە دراون لە بەردەم گەل و داواكارییەكانی و پەلەكردنیش لە تەواوكردنی چاكسازی یاسایی پێویست بۆ بەجێ گەیاندنی هەڵبژاردنێكی ئازاد و دادپەروەر و پاك كە رەنگدانەوەی ویستی گەلی دیموكراسی بێت."
هاوکات ئەوەش خراوەتەڕوو: "سەبارەت بە چوارچێوەی كاری پەرلەمانی و چاودێریش، كۆبوونەوە گفتوگۆیكرد لەبارەی بەرنامەی یاسادانانی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران، دووپاتیشكرایەوە كە سێ سەرۆكایەتییەكە پشتیوانی تەواو دەكەن بۆ هەوڵەكانی لیژنەی بەدواداچون لە كەرتەكانی كارەبا و گەیشتن بە هۆكارەكانی كەموكوڕی ئەم كەرتە و سزادانی كەمتەرخەمانی ئەو بوارە."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "بەشداربووانی کۆبوونەوەکە جەختیانكردەوە لەسەر پرۆژەی نیشتمانی بۆ پاڵپشتیكردنی دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری تەواو تا بتوانێت پارێزگاری لە مافی هاوونیشتمانی و ئاسایشی نیشتمانی و سەروەرییەكەی بكات، هەروەها گفتوگۆشكرا لەبارەی ئەو رێوشوێنە جیاجیایانەی كە لە ئاستی جیاواز گیراونەتە بەر بۆ پەرەپێدانی رۆڵی دەوڵەت و چەسپاندنی سەروەری دەوڵەت."
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا باس لە پەیوەندی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان كرا و جەختكرایەوە لە پێویستی كاركردن لە پێناو رێوشوێنی كرداری كە ببێتە هۆی یەكلاكردنەوەی دۆسیە هەڵپەسێردراوەكان، كە زامنی مافی هاووڵاتی بكات بەبێ جیاكاری و بەگوێرەی دەستوور و لێكتێگەیشتنی نیشتمانی بەپرسانەش پتەو بكات