گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەو دۆسیانەى کازمى لەگەڵ سعودیە و ئێران تاوتوێیان دەکات ئاشکراکرا

2020.07.19 - 15:57
ئەو دۆسیانەى کازمى لەگەڵ سعودیە و ئێران تاوتوێیان دەکات ئاشکراکرا

ناس کورد-

 

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەو دۆسیانەی کە بڕیارە سەرۆکوەزیرانی عێراق لەمیانی سەردانەکانیدا بۆ سعودیە و ئێران تاوتوێیان بکات ئاشکراکرد و ئاماژەی بەوەکرد، عێراق لەهەوڵی ئەوەدایە گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کەمبکاتەوە.

 

ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی تەموزی 2020، ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق ڕایگەیاند "مستەفاکازمی لەسەردانەکەیدا بۆ وڵاتی سعودیە تاوتوێی ژمارەیەک دۆسیە دەکات وەک پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەڕووی ئابوری، تەندروستی، کشتوکاڵی، دارایی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وەبەرهێنان".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارە سەرۆکوەزیران سەردانی وڵاتی ئێرانیش بکات و لە گرنگترین ئەو دۆسیانەی کە بڕیارە تاوتوێیان بکات پرسی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵاتە.

 

سەحاف ئەوەشی خستوەتەڕوو، "فوئاد حسێن  وەزیری دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ لەگەڵ محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەتەوە هەردووکیان ئامادەکاریان بۆ سەردانەکەی کازمی بۆ تاران کردووە".

 

وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوی عێراق جەختیکردوەتەوە، "تاران پاڵپشتی ئەو ڕەوتەییە کە لە ئێستادا حکومەتەکەی کازمی پەیڕەوی دەکات لە پێناو کرانەوەی عێراق بەڕووی هەموولایەنە هەرێمایەتییەکاندا".

 

 ئەمڕۆ( یەکشەممە) محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بەسەردانێک گەیشتە بەغدا و لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق و مستەفاکازمی، سەرۆکوەزیران و فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق  بەجیا کۆبووەوە.

 

شارەزیان پێیانوایە مەرامی سەرەکی سەردانەکەی زەریف بۆ بەغدا داواکردنە لە کازمی بۆ ئەوەی ڕۆڵی نێوەندگیری بگێرێت لە باشترکردنی پەیوەندییەکان و نزیکبوونەوەی تاران و ریاز، چونکە بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە ئێران دوچاری قەیرانی قوڵ بووەتەوە، بۆیە دەیەوێت لەڕێگەی وڵاتێکی گەورەی ناوچەکە وەک سعودیە دەرچەیەکی هەناسەدانی دیکە بۆ خۆی بدۆزیتەوە.

 

هەروەها بەپێویستی دەزانن، کازمی ئەو هەلە بەباشی بقۆزێتەوە و داوا لە ئێران بکات بەرانبەر ئەو کارە چیتر پشتیوانى لە میلیشیا چەکدارەکانى عێراق نەکات.