گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناس کورد زانیاریی تایبەت ئاشکرا دەکات

بەغدا بەرەو دەروازەکانى هەرێم دەجوڵێت ئەمجارە بە ’’هێز’’

2020.07.19 - 11:31
بەغدا بەرەو دەروازەکانى هەرێم دەجوڵێت ئەمجارە بە ’’هێز’’

ناس کورد-

حکومەتى عێراق جموجۆڵ بە ئاڕاستەى گرتنەدەستى کاروبارى دەروازە سنورییەکانى هەرێمى کوردستان دەستپێدەکات کە پێدەچێت قۆناغێکى دیکەى ململانێى لەگەڵ هەرێم لێبکەوێتەوە، لەکاتێکدا دانوستانەکانیان لەسەر نەوت و بودجە هێشتا بێ ئەنجامن.

 

لە سەرەتاى ئەم مانگەوە بە فەرمانى مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق هێزى سەربازى بەرەو دەروازە سنورییەکانى عێراق جوڵەى پێکراوە و کۆنترۆڵى چەندین دەروازەى سنورییان گرتووەتە دەست لە دیالەوە تا بەسرە، ئەوەش بەئامانجى "نەهێشتنى گەندەڵى و دورخستنەوەى دەستى گروپە چەکدارەکان".

 

دەروازە سنورییەکانى عێراق جگە لە هەرێم کە ژمارەیان 10 دەروازەیە، رۆژانە بە بەهاى ملیۆنان دۆلار جموجۆڵى بازرگانى بەخۆوە دەبینن، کازمى دەیەوێت لەو رێگەیەوە بەشێک لەو کورتهێنانە گەورەیە کەمبکاتەوە کە بەهۆى دابەزینى نرخى نەوتەوە ڕوبەڕووى بودجە بووەتەوە.

 

زیاتر بخوێنەوە: کازمی هێزی ڕەوانەى سەرجەم دەروازە وشکانی و ئاوییەکانی بەسرە کرد

 

هەرێمى کوردستانیش چوار دەروازەى فەرمى هەیە لەگەڵ هەریەکە لە ئێران و تورکیا کە پێکهاتوون لە حاجى ئۆمەران لەنێوان پارێزگاى هەولێر-ئێران، باشماخ و پەروێزخان کە دەکەونە نێوان پارێزگاى سلێمانى-ئێران و ئیبراهیم خەلیل لەنێوان پارێزگاى دهۆک-تورکیا، لەگەڵ دەیان خاڵى دیکەى نافەرمى کە ڕۆژانە جموجۆڵى بازرگانى گەورە بەخۆیانەوە دەبینن.

 

داهاتى ئەو خاڵە سنورییانە و گەڕانەوەى بۆ بەغدا و بەڕێوەبردنى دەروازەکان خواستێکى بەردەوامى حکومەتە یەک لەدواى یەکەکانى عێراق بووە لەدواى ساڵى 2003ەوە تا ئێستا، بەڵام هەرێم تا ئێستا بەوە رازى نەبووە.

 

بەڵام بۆ یەکەمجار هەرێم لە دانوستانەکانى ئەمدواییەى لەگەڵ بەغدا لەبارەى نەوت و بودجەوە کە تائێستا بە ئەنجام نەگەیشتوون، ڕازى بوو بە ڕادەستکردنى نیوەى داهاتى گومرگ و خاڵە سنورییەکان بە بەغدا، بەڵام خواستى بەغدا لەوە زیاترە.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەى ناس کورد دەستیکەوتووە، لە دوایین سەردانى شاندى هەرێم بۆ بەغدا لە مانگى ڕابردوودا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ حکومەتى عێراق، بەرپرسانى بەغدا بەراشکاوى پێیان وتوون کە دەیانەوێت "بە هێز" کۆنترۆڵى دەروازە سنورییەکانى هەرێم بکەن هاوشێوەى دەروازەکانى دیکەى عێراق، بەڵام شاندى هەرێم ئەوەى ڕەتکردووەتەوە.

 

زیاتر بخوێنەوە: بە کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان ’’نزیکەى 15 ملیار دۆلار بۆ حکومەتی عێراق’’ دەگەڕێتەوە

 

سەرچاوەیەکى حکومى ئاگادار جەختى لەو داواکارییەى بەغدا کردەوە و وتى، ئەوە کێشەیەکى ڕاستەقینەى بەردەم بەئەنجام گەیشتنى دانوستانەکانە، بەڵام ڕاشیگەیاند کە هەرێم "بەتوندى ئەوە ڕەتدەکاتەوە".

 

ئەو سەرچاوەیە وتیشی، هەرچەندە لەسەر هەندێک بابەتی بودجە و نەوت ڕێککەوتوون، بەڵام بابەتی ناردنی هێز بۆ دەروازە سنورییەکان دانوستانەکانی پەک خستووە.

 

دەسەڵاتدارانى بەغدا جەخت دەکەنەوە کە هەڵمەتەکەی ئێستایان بۆ "گەڕانەوەی یاسا و شکۆى دەوڵەتە بۆ سەرجەم خاڵە سنورییەکان"، بەو پێیەى بەڕێوەبردنى ئەو خاڵە سنورییانە دەکەوێتە چوارچێوەى دەسەڵاتەکانى حکومەتى ناوەندییەوە.

 

دەسەڵاتدارانى هەرێمى کوردستان بەردەوام جەختیانکردووەتەوە کە لەسەر بنەماى دەستور ئامادەن کێشەى خاڵە سنورییەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەن، بەڵام چارەسەرى سەربازى و ناردنى هێز رەتدەکەنەوە.

 

ئەمە یەکەمجار نییە بەغدا هەوڵى لەو شێوەیە دەدات، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە، ساڵى 2017 لەکاردانەوەى ریفراندۆمى هەرێم بۆ سەربەخۆیی حکومەتى ئەوکاتى عێراق بەسەرۆکایەتى حەیدەر عەبادى بڕیاریدا فڕۆکەخانە و دەروازە سنورییەکان بخاتەوە ژێر رکێفى بەغدا، بەڵام هەرێم ئەو هەوڵەى بە نادەستورى لەقەڵەمدا.

 

تا ئێستا دیار نییە هەوڵەکەى بەغدا ئەمجارە سەردەگرێت یاخود نا، بەڵام دەسەڵاتدارانى ئەو وڵاتە جەختدەکەنەوە کە هەڵمەتەکەیان لەو بارەیەوە گشتیگرە و بۆ سەرجەم خاڵە سنورییەکانە.

 

بەغدا نەخشەڕێگاکەى ئامادەیە!

هەفتەى رابردوو لیژنەى ئاسایش و بەرگرى لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاندبوو، هەرێم و بەغدا لەسەر دانانى نەخشەرێگایەک بۆ بەڕێوەبردنى خاڵە سنورییەکان رێککەوتوون، ئەوەش بەپێی میدیاى فەرمى عێراق، بەڵام هێشتا هەردوو حکومەت هیچ قسەیەکیان لەو بارەیەوە نەکردووە.

 

ئەمڕۆش سعران ئەعاجیبى، ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، لیژنەیەکى حکومەتى ناوەندى دەچێتە هەرێمى کوردستان، بە ئامانجى رێککەوتن و هەماهەنگى لەسەر کارى دەروازە سنورییەکانى هەرێم.  

  

وتیشى، "چەندین دەروازە سنوریی هەیە لە دەرەوەى دەسەڵاتى دەوڵەتدان، بۆ ئەوەش هەماهەنگى و هاریکاریی هەیە لەگەڵ هەرێمى کوردستان".  

  

ئەعاجیبى پشتیوانى لیژنەکەى دووپاتکردەوە بۆ رێوشوێنەکانى مستەفا کازمى سەرۆکوەزیران و سەپاندنى دەسەڵاتى یاسا و دەوڵەت.  

  

جەختیشیکردەوە، جێبەجێکردنى رێوشوێنەکان بەشێوەیەکى راست و توند دژى ئەو کەسانەى گەندەڵى دەکەن، داهاتێکى گەورە دەگەڕێنرێتەوە، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ زیادکردنى بودجە کە شارەزایان بە چواریەکى داهاتى نەوت ناویدەبەن.  

 

لەرووى دەستورییەوە بەڕێوەبردنى خاڵە سنورییەکان لەدەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵیدایە، بەڵام دەبێت نیوەى داهاتى گومرگەکان بۆ هەرێم یان ئەو پارێزگایانە بگەڕێنرێتەوە کە دەروازەکەى لێیە.

 

عەلى تەمیمى شارەزای یاسایی عێراقى دەڵێت، ماددەى 110 ى دەستور جەختدەکاتەوە کە دانانى سیاسەتى ئابورى و دارایی و گومرگى و رێکخستنى سیاسەتى بازرگانى لە هەرێم و پارێزگاکان، تەنها دەسەڵاتی حکومەتى ناوەندییە.

 

وتیشى، "هەروەها لە ماددەى 114ى دەستوردا هاتووە کە لە دەسەڵاتە هاوبەشەکانى هەردوو حکومەتى ناوەند و هەرێمەکاندا و پارێزگاکاندایە کە بەهاوبەشى گومرگەکان بەرێوە ببەن".

 

بەوتەى تەمیمى، بەپێی ماددەى 78 ى دەستور، سەرۆکوەزیران مافى ئەوەى هەیە هێزى تایبەت رەوانە بکات بۆ بەدواداچوونى کارى دەروازە سنورییەکان.