گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

میلیشیاکان چۆن گەندەڵی تێدا دەکەن؟

بە کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان ’’نزیکەى 15 ملیار دۆلار بۆ حکومەتی عێراق’’ دەگەڕێتەوە

2020.07.19 - 10:54
App store icon Play store icon Play store icon
بە کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان ’’نزیکەى 15 ملیار دۆلار بۆ حکومەتی عێراق’’ دەگەڕێتەوە

ناس کورد-

ئەندامێکی کوردی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، میلشیاکان بە ویستی خۆیان گەندەڵی لە دەروازە سنورییەکانی عێراقدا دەکەن بەڵام ئەگەر حکومەت سەرکەوتوو بێت لە کۆنتڕۆڵکردنیان، پێشبینی دەکرێت 12 بۆ 15 ملیار دۆلار بگەڕێتەوە خەزێنەى دەوڵەت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

جەمال کۆچەرلە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ ڕۆژنامەی "سەباحی" نیمچە فەرمی عێراقی ڕایگەیاند: "سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی کردووە دەروازە سنورییەکان بە سێ ڕێگا کۆنتڕۆڵ بکرێت، دانانی هێزێکی سەربازیی تایبەت بۆ پاراستنی ناوەوەی دەروازەکە، نەهێشتنی ڕۆتیین و ڕاوەدوونانی ئەولایەنانەی کە دەستیان لە ئەنجامدانی گەندەڵی لەو دەروازانەدا هەیە".

 

کۆچەر ئاماژەى بەوەشکردووە،  "میلیشیاکان و حیزبەکان نوسینگەیان لە دەرەوی دەروازە سنورییەکاندا هەیە لەڕیگەیەوە سەرپەرشتی کارە گەندەڵەکانیان دەکەن وەک ساختەکردنی ئەو بەڵگەنامانەی کە ئاماژە بە جۆر، ژمارە و شوێنی دروستکردنی کاڵاکان دەکات، لە ئێستاشدا ئەو میلیشیا و حزبانە چەند دەروازەیەکی سنوری نافەرمیان لە سنورەکان کردووەتەوە و سەدان کاری نایاسایی تێیدا دەکەن".

 

لە ماوەى دوو هەفتەى ڕابردوودا، کازمی خۆی سەردانی دەروازە سنورییەکانی لە دیالە و بەسرە کرد و هێزی سەر بە ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی لەناو دەروازە سنورییەکان جێگیر کرد و چەند بەرپرسێکی دەروازەکانیشی گۆڕی بە مەبەستی "سەپاندنی شکۆ و دەسەڵاتی دەوڵەت" بەسەر ئەو دەروازانەدا.

 

زیاتر بخوێنەوە: کازمی هێزی ڕەوانەى سەرجەم دەروازە وشکانی و ئاوییەکانی بەسرە کرد
 

بەوتەی ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، "شپرزەیی و ناڕێکوپێکی  و بێسەروبەرییەکی زۆر لە ئیدارەدانی دەروازە سنورییەکاندا هەیە، لە ئێستادا ئەو دەروازانە لەلایەن 14 لایەن و وەزارەتەوە سەرپەرشتی دەکرێت کە لەگەڵ یەکتردا هەماهەنگ نین، بۆیە دەبێت دەروازەکان بخرێنە ژێر ئیدارەدان و سەرپەرشتی لایەنێکی دیارکراوی حکومەییەوە".

 

کۆچەر داویشکردووە کە "حکومەت دەروازە سنورییەکان بە کامێرای ناوەندی بتەنێت بۆ چاودێریکردنیان و دەزگای هەواڵگری عێراقیش ڕۆڵی باڵایان هەبێت لە چاودێرکردنی ئەو دەروازانە و بە زووترین کاتیش گوڕانکاریی ئیداری لە دەروازەکاندا بکرێت و گەندەڵکاران سزا بدرێن".

 

باسی لەوەشکردووە، "لە ساڵی 2003وە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە وردی ئاگاداری داهاتی ڕاستەقینەی دەروازە سنورییەکان نییە و نازانین داهاتەکانیان چەندە، پێشبینی دەکەین تەنها 5% بۆ 9%ی لە کۆی داهاتی ڕاستەقینەی ئەو دەروازە سنورییانە بچێتە خەزێنەی دەوڵەتەوە".

 

کۆچەر ئاماژە بەوەشکردووە، "ئەگەر حکومەت بەشێوەیەکی کارا و توند ئیدارەى دەروازە سنورییەکان بکات ئەوا  پێشبینی دەکرێت ساڵانە داهاتیان لەنێوان 12 بۆ 15 ملیار دۆلار بێت".