ناس کورد-
ئەندامێکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانى عێراق ئاشکرایکرد، لیژنەیەکى حکومى سەردانى هەرێمى کوردستان دەکات بۆ رێککەوتن و هەماهەنگى لەبارەى شێوازى کارى دەروازە سنورییەکانى هەرێم.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەردانى شاندەکە کە هێشتا وادەکەى دیار نییە، هاوکاتە لەگەڵ ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانى بەغدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنى تەواوى دەروازە سنورییەکان، بە ئامانجى نەهێشتنى دەستى گروپە چەکدارەکان و بنەبڕکردنى گەندەڵى.
بەپێی رۆژنامەى سەباحى نیمچە فەرمى عێراق، سعران ئەعاجیبى، ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاندووە، لیژنەیەکى حکومەتى ناوەندى دەچێتە هەرێمى کوردستان، بە ئامانجى رێککەوتن و هەماهەنگى لەسەر کارى دەروازە سنورییەکانى هەرێم.
وتیشى، "چەندین دەروازە سنوریی هەیە لەدەرەوەى دەسەڵاتى دەوڵەتدان، بۆ ئەوەش هەماهەگى و هاریکاریی هەیە لەگەڵ هەرێمى کوردستان".
ئەعاجیبى پشتیوانى لیژنەکەى دوپاتکردەوە بۆ رێوشوێنەکانى مستەفا کازمى سەرۆکوەزیران و سەپاندنى دەسەڵاتى یاسا و دەوڵەت.
جەختیشیکردەوە، جێبەجێکردنى رێوشوێنەکان بەشێوەیەکى راست و توند دژى ئەو کەسانەى گەندەڵى دەکەن، داهاتێکى گەورە دەگەڕێنرێتەوە، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ زیادکردنى بودجە کە شارەزایان بە چواریەکى داهاتى نەوت ناویدەبەن.