گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بزانە زیادکردنی تەنها 20 خولەک خەو چەند سودی بۆ تەندروستیت هەیە

2020.07.18 - 23:30
بزانە زیادکردنی تەنها 20 خولەک خەو چەند سودی بۆ تەندروستیت هەیە

ناس کورد-

تۆێژینەوەیەکی پزیشکیی ئەمریکی ئاشکرایکرد، ڕێکارەکانی قەدەغەی گشتی و بەرگرتن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا وایکردووە دانیشتوانی جیهان بەتایبەتی فەرمانبەران بەشێوەیەکی باشتربخەون و کاتژمێرەکانی نوستنیشیان بەراورد بەپێش کۆرۆنا 20 خولک زیاد بکات کە هاوکات لێکەوتەی ئەرێنی هەیە بۆ سەرمێشک و سیستمی بەرگری لەش.

 

ربیکا ڕۆبینز، پسپۆری خەو لە کۆڵێجی پزیشکیی سەربە زانکۆی"هارڤارد"ی ئەمریکی لە توێژنەوەیەکدا ئاشکرایکردوە: "زیادکردنی 20 خولەک بۆ کاتژمێرەکانی نوستن ڕەنگدانەوەیەکی گەورەی ئەرینی دەبێت بۆسەرتەندروستی مرۆڤەکان".

 

دەشڵێت: "زیادکردنی ماوەی نوستنمان بە تەنها 20 خولەک دەبێتە هۆکاری کارامەیی، تەندروستی باشتر و زۆربوونی بەرهەمی مرۆڤەکان".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە: "داتاکان دەریانخستووە مرۆڤەکان پێش قەیرانی کۆرۆنا کەمتر دەخەوتن و زووتریش بەرلەکاتی ئاسایی خۆیان لەخەو هەڵدەستان، لە ماوەی نێوان 16ى ئادار بۆ 3ی نیسان بەهۆی قەدەغەی گشتییەوە لەزۆربەی وڵاتانی جیهان مرۆڤەکان توانیویانە بەتێکڕایی 20 خولەک زیاتر بخەون ".

 

ڕۆبینز ئەوەشی خستوەتەڕوو: "زیادبوونی کاتژمێرەکانی نوستن بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە  لە ئێستادا بەهۆی قەیرانی کۆرۆناوە زۆربەی فەرمانبەران کارەکانیان لە ماڵەکانیانەوە ڕادەپەڕێنن، بۆیە وەک جاران ناچارنیین زووتر لەخەو هەڵسن بۆ ئەوەی فریای هۆکارە گشتییەکانی گواستنەوە بکەون، بۆیە ئەو ماوەیە کە پێشتر لەخۆئامادەکردن بۆ ڕۆیشتن بۆ سەرکارەکانیان تەرخاندەکرد، لە ئێستادا لە ناو جێگای نوستندا بەسەریدەبەن".

 

ئەو ژنە زانا ئەمریکییە جەختیلەوەکردوەتەوە: "زیادکردنی کاتژمێرەکانی نوستن بۆ چەند خولەکێکی کەم سودی سەرسورهێنەری هەیە بۆ بەهێزکردنی سیستمی بەرگری لەش و دوورکەوتنەوە لەتوشبوون بە نەخۆشییەکان، بەجۆرێک ئەو کەسانەی کە کەمتر لە حەوت کاتژمێر دەخەون چوارجار مەترسی توشبوونیان بە ڤایرۆسەکان زیاترە لەوانەی کە ماوەیەکی باش دەخەون".

 

 ڕۆبینز ئاماژەی بەوەشکردووە: "کەمخەوی کاریگەریەکی درێژخایەنی هەیە، ئەو مرۆڤانەی کە کەم دەخەون پاش بەتێپەربوونی چەند ساڵێک کاریگەری دەبێت بۆسەر خانەکانی مێشکیان و توشی دیاردەی لەبیرچوونەوە و نەخۆشی (زەهایمەر) دەبن".  

 

ڕوونیشکردوەتەوە: " بۆ ئەوەی مرۆڤ بەباشی بخەوێت و سود لە کاتژمێرەکانی خەو وەربگرێت، دەبێت چەند هەنگاوێک پەیڕەو بکات کە پێکهاتووە لە تۆمارکردنی ئەو کاتژمێرانەی کە تێیدا خەوتووە و ڕۆژانەش بەراوردیان بکات لەگەڵ یەکتر بۆ ئەوەی بزانێت نوستن چەند سود هەبووە بۆی".