کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد-
.
دادگای تێهەڵچوونەوەی بەغداد داوای ژنێكی دانیشتوی پارێزگای زیقاری ڕەتكردەوە، كە هاوسەرگیری سیغەی ئەنجامدابوو و گرێبەستی هاوسەرگیرییەكەی بە نایاسایی و بێبنەما ناوزەد كرد.
.
دادگای تێهەڵچونەوەی بەغداد لە بەڵگەنامەیەكیدا ئاماژە بە بڕیاری دادگای كاروباری كەسێتی كردووە، كە ئەوكات داوای ژنەكەی ڕەتكردوەتەوە و گشت تێچووی ئەو دادگایە و پارێزەرەكەی كەوتووەتە ئەستۆی و تێیدا بە بڕیارێكی دروست پشتڕاستیكردۆتەوە و بە بەڵگە ئەوەی سەلماندووە كە گرێبەستی هاوسەرگیرێكەی بێبنەمایە، و یەكێك لە گرنگترین مەرجەكانی لەدەستداوە، ئەویش بەردەوامبونی هاوسەرگیرییەكەیە.
.
دادگاكە ئەوەشی روونكردۆتەوە كە ڕاستە بە پێی یاسا و شەرع گرێبەستەكە كراوە، بەڵام دوای لێكۆڵینەوە دەركەوتووە كە گرێبەستەكە مەرجی كاتی تێدایە و هەمیشەیی نییە، بۆیە بڕیار دراوە داوای ژنەكە رەت بكرێتەوە.
.
هاوسەرگیری سیغە جۆرە هاوسەرگیرییەكە كە مەبەست لێی رێككەوتن و ڕەزامەندبوونی هەردوو لایەنی ژن و پیاوەكەیە بە گرێبەستێكی كاتی دیاریكراو یاخود بەردەوام كە لە ئەنجامیدا ئەگەر وەچەیان هاتە دونیاوە باوك و ڕەچەڵەك و میراتی وەچەكەی تێدا مسۆگەر ببێت.
.
ئەم بابەتە لە نێوان شارەزایان و مەزهەبەكانی ئاینی ئیسلام، ناكۆكی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و هەندیكیان بە حەڵاڵی دەزانن و هەندێكیان بەحەرام.