گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سلێمانی بڕیار لەبارەی کردنەوەی مزگەوتەکانەوە دەدات

2020.07.18 - 18:11
سلێمانی بڕیار لەبارەی کردنەوەی مزگەوتەکانەوە دەدات

ناس کورد-

بەوتەی بەرپرسانی تەندروستیی سلێمانی دۆخی تەندروستیی پارێزگاکە بەرەو باشبوون دەچێت و لەئێستادا بەشێک لەو شوێنانەی کە پێشتر داخرابوون کراونەتەوە، بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانیش دەڵێت، لەم هەفتەیەدا بڕیاری نوێ لەبارەی مزگەوتەکانیشەوە دەدرێت.

 

لەدوای داخستنیان بۆ ماوەیەک لەئێستادا لەسنوری پارێزگای سلێمانی هۆڵەکانی لەشجوانی و کافتریا و ڕێستۆرانتەکان کراونەتەوە، بەڵام ئەوەی بەداخراوی ماوەتەوە، دەرگای مزگەوتەکانە و ئەوەش بووەتە جێی ڕەخنەی بەشێک لە هاووڵاتیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

 

لەوبارەیەوە فەرەیدون غەریب، بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: " لەگەڵ پارێزگار و ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی گفتوگۆمان کردووە و داوای کردنەوەی مزگەوتەکانمان کردووە."

 

وتیشی: "وەڵامی پارێزگاری سلێمانی ئەوەبوو کە ئەم هەفتەیە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان کۆدەبێتەوە و خوێندنەوە بۆ دۆخەکە دەکەن و بڕیار لەوبارەیەوە دەدەن."

 

بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، بەگشتیی لەم هەفتەیەدا بڕیاری نوێ لەبارەی مزگەوتەکانەوە دەدرێت بە کردنەوە یاخود بەداخراوی مانەوە.