کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد-ئەحمەد مستەفا
.
عێراق و سعودیە رێككەوتنێكی بازرگانی فراوان ئەنجامدەدەن، بۆ یەكەمجار لەمێژووی عێراقدا 5 خاوەن كۆمپانیای هەرێم هاوەڵی گەشتەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەن بۆ سعودیە.
.
یاسین مەحمود، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان بە ناس كورد-ی راگەیاند "ئەمە یەكەمجارە لەسەر ئاستی سەرۆك وەزیران، بازرگان و وەبەرهێنەرانی كوردی هەرێمی كوردستان بەشداری پێ بكرێن و هاوەڵی گەشتەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بن بۆ وڵاتی سعودیە".
.
بەوتەی یاسین مەحمود، ئەو شاندەی كە یاوەری سەرۆك وەزیران دەكات لە گەشتەكەی وڵاتی سعودیە گەورە و فراوانە.
.
روونیشیكردەوە، لەو گەشتەدا لە هەموو عێراق 14 كۆمپانیا بەشدارن و لەو ژمارەیەش 5 كۆمپانیایان لە هەرێمی كوردستانەوە بانگهێشتكراوون کە لە نێوانیاندا کۆمپانیاکانى (کۆڵەک، قەیوان، شوان، حسێن مەلا ساڵح) بوونى هەیە.
.
وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان وتیشی "عێراق و سعودیە رێككەوتنێكی بارزگانی ئەنجامدەدەن عادل عەبدولەمەهدی پێی باش بووە پرس بەوەبەرهێنەران و سەرماریەدارانی هەرێمی كوردستان و عێراق بكات".
.
ئاماژەی بەوەش كرد كە یەكێك لە ئامانجەكانی بردنی وەبەرهێنەرانی كورد لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ سعودیە بۆ پرس و راوێژە پێیان لەبارەی ئەو رێككەوتنە بازرگانیانەی كە عێراق لەگەڵ سعودیە لەبواری پیشەسازی و كشتوكاڵ و ماددە خۆراكیەكان ئەنجامی دەدات و ئامانجێكی تریشی بریتییە لە ناساندنی كۆمپانیا و وەبەرهێنەرە كورد و عێراقییەكان بە بازرگانە سعودییەكان.
.
یاسین مەحمود جەختی كردەوە، لە ئێستادا سعودیە نزیكەی یەك ملیۆن هێكتار زەوی لە عێراق وەرگرتووە، كە دەیەوێت لەڕێگەیەوە وەبەرهێنان ئەنجامبدات، بەتایبەت لە بوارەكانی بەرهەمە شیرمەنییەكان و كشتوكاڵییەكان و بەرهەمە پیشەسازییەكان.