گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بۆ چارەسەری توشبووانی کۆرۆنا بەکاردێت

حکومەتى هەرێم دەرمانە ڕوسییەکەى تەنها بۆ پارێزگای هەولێر کڕیوە

2020.07.18 - 17:53
حکومەتى هەرێم دەرمانە ڕوسییەکەى تەنها بۆ پارێزگای هەولێر کڕیوە

ناس کورد-

ئەگەرچی لەئێستادا دەرمانێکی ڕوسیی تایبەت بە چارەسەری کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام تەنها بۆ توشبووانی پارێزگای هەولێر بەکاردەهێنرێت، هەرچەندە تەندروستیی هەرێم دەڵێت، پارێزگای هەولێر خۆیان دەرمانەکەیان کڕیوە، بەڵام قسەى تەندروستیی هەولێر جیاوازە و دەڵێت، حکومەت و وەزارەتی تەندروستی دەرمانەکەی بۆ کڕیوون.

 

لەئێستادا توشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان چاوەڕوانى ئەوەن دەرمانی فاڤیپیراڤیر ڕوسی کە تایبەتە بە کۆرۆنا، لە بەغداوە بگاتە هەرێم تا بۆ چارەسەرى توشبووانى کۆرۆنا بەکاربهێنرێت، جگە لەوە کۆمپانیایەکی تایبەت دەرمانەکەی بەرهەمهێناوەتەوە و لەئێستادا تەنها لە تەندروستیی هەولێر بەردەستە و بەکاریدەهێنرێت.

 

لەوبارەیەوە بژار موسا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی هەولێر بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئێمە دەرمانە ڕووسییەکەمان لەلایەن حکومەتی هەرێم و وەزارەتی تەندروستییەوە بۆ دابینکراوە و بۆمان کڕدراوە، پشکی خۆشمان لەوەی بەغدا بۆ دابینکراوە." 

 

وتەکانی وتەبێژی تەندروستیی هەولێر لەکاتێکدایە، حکومەتی هەرێم و وەزارەتی تەندروستیی هیچ بڕێک لە دەرمانەکەیان بۆ پارێزگاکانی دیکەی هەرێم دابین نەکردووە.

 

بەڵام وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم لێدوانێکی جیاواز هەیە و بە ناس کوردی ڕاگەیاند، پارێزگای هەولێر لەسەر بودجەی خۆیان دەرمانەکەیان کڕیوە و پشکی هەرێمیش لە دەرمانەکە لەلایەن بەغداوە هێشتا نەنێردراوە.

 

ئەى سلێمانی؟

پێنجشەممەى پێشوو هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە ناس کوردی وت، "لەهەوڵداین و گفتوگۆمان لەگەل کۆمپانیای بەرهەهێنی دەرمانەکە لە هەولێر کردووە، بۆ ئەوەی دەرمانەکە بکڕین."

 

نەبوونی دەرمانەکە لە پارێزگای سلێمانی لەکاتێکدایە، زۆرترینی توشبووانی کۆرۆنا لەو سنورەن، بەشێوەیەک لەکۆی 10 هەزار و 453 توشبوو، حەوت هەزار و 144 توشبوویان لە پارێزگای سلێمانین و دوو هەزار و 652یان لە هەولێرن، هەروەها 336 توشبوو لە هەڵەبجە و 321یش لە دهۆکن.

 

سەبارەت بە کاریگەری دەرمانەکە، وتەبێژی تەندروستیی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، سێ رۆژە دەرمانەکە بۆ بەشێک لە توشبووان بەکارهێندراوە و لەماوەی پێنج بۆ حەوت ڕۆژدا کاریگەرییەکەی دەردەکەوێت و چاوەڕوان دەکەن نیشانەکانی نەخۆشییەکە کەمبکاتەوە.