گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناس کورد زانیارى لەسەر پڕۆژەکە بڵاودەکاتەوە

یەکێتى بە پڕۆژەیەکى نوێ وە لەگەڵ پارتى کۆدەبێتەوە.. ئەمجارە گشتگیرە (تایبەت)

2020.07.18 - 16:04
App store icon Play store icon Play store icon
یەکێتى بە  پڕۆژەیەکى نوێ وە لەگەڵ پارتى کۆدەبێتەوە.. ئەمجارە گشتگیرە (تایبەت)

ناس کورد-

یەکێتى نیشتیمانى کوردستان پڕۆژەیەکى نوێی ئامادەکردووە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتى دیموکراتى کوردستان، دواى ئەوەى هەردوولا رەزامەندیان لەسەر کۆبوونەوەیان نیشانداوە، بەڵام هێشتا لەسەر کات و شوێنەکەى رێکنەکەوتوون.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

پەیوەندییەکانى پارتى و یەکێتى لەماوەى ئەمساڵدا گرژى و ئاڵۆزى زۆرى بەخۆوە بینیوە هەم لەسەر ئاستى حکومەتى هەرێم و پەرلەمان، هەم لەسەر ئاستى سەربازى و پەیوەندییەکانى هەردوو حزب، تا ئێستاش هیچ کۆبوونەوەیەکیان نەکردووە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوانیان.

 

لەسەرەتاى ئەم مانگەوە هەوڵێکى نوێ بۆ کۆکردنەوەى هەردوو حزب لەسەر مێزى گفتوگۆ دەستیپێکرد، دواى ئەوەى شەڕى نێوانیان رووى لە هێوربوونەوە کرد، بەڵام هێشتا هەوڵەکە بە ئەنجام نەگەیشتووە.

 

حاجى مەسیفى، جێگرى بەرپرسى مەڵبەندى هەولێرى یەکێتى کە ئاگادارى هەوڵەکەیە بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "هەردوو حزب ڕەزامەندن لەسەر کۆبوونەوە ئەوەش تاکە چارەسەرە".

 

هێشتا وادەى ئەنجامدانى کۆبوونەوەکە نادیارە، بەڵام ئەگەر ببەسترێت رەنگە لە بارەگاى سەرۆکایەتى هەرێم بێت لە هەولێر، لەگەڵ ئەوەشدا هەردوو حزب لە چەند مانگى ڕابردوودا دووجار لەسەر بەستنى کۆبوونەوە رێککەوتن و پێش ئەنجامدانیان هەڵیانوەشاندەوە.

 

"کۆبوونەوەکە بەم زووانە دەکرێت، رەنگە بکەوێتە دواى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتى، هەردوو حزب رەزامەندیان لەسەر بەستنى ئەنجامداوە"، حاجى مەسیفى بەو شێوەیە دڵنیاییدا لەبەستنى کۆبوونەوەکە.

 

لەدواى کۆتایی هاتنى کۆنگرەى یەکێتییەوە لە کۆتایی ساڵى ڕابردوودا کە بەرپرسانى ئەو حزبە بە کۆنگرەى "نوێبوونەوە" ناویان برد و دوو هاوسەرۆک و سەرکردایەتییەکى نوێ بۆ ئەو حزبە هەڵبژێردرا، هیچ کۆبوونەوەیەک لەنێوان ئەو دوو حزبە نەکراوە.

 

هاوسەرۆک و سەرکردەکانى یەکێتى پێشتر چەندینجار جەختیان لەسەر پێداچوونەوە بە پەیوەندیى و رێککەوتنەکانیان لەگەڵ لایەنەکانى دیکە بەتایبەتى پارتى کردووە، ئەوەش ئەو حزبەى خستووەتە بەردەم قۆناغێکى نوێ لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ هاوپەیمانە ستراتیژییەکەى کەدوو پێکهێنەرى سەرەکى حکومەتن.

 

حاجى مەسیفى دەڵێت، "پڕۆژەیەکمان ئامادەکردووە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتى، کە پرسی ناوخۆیی و پەیوەندى لەگەڵ بەغدا و پرسی سنوربەزاندن خاکى هەرێمى لەخۆ گرتووە، لەگەڵ پێداچونەوە بە رێککەوتنەکان".

 

وتیشى، "لەسەر ئاستى ناوخۆ جەخت لەسەر پرسی شەراکەت و پێداچونەوە بە رێککەوتنەکان و خزمەتکردن بەخەڵک دەکەینەوە، هەروەها دەبێت پرسی پەیوەندییەکان و رێککەوتن لەگەڵ بەغدا چارەسەرى بۆ بدۆزرێتەوە".

 

باسى لەوەکرد، بەشێکى دیکەى پڕۆژەکە تایبەتە بە پرسی بەزاندنى سنور لەلایەن تورکیاوە، ناکرێت ئەو وڵاتە بە ئارەزوى خۆى پەنجا کیلۆمەتر خاک ببەزێنێت، دەبێت ئەو پرسانە چارەسەر بکرێن.

 

یەکێتى ماوەى چەند مانگێکە جەخت لەسەر پرسی شەراکەت لە حکومەتدا دەکاتەوە لە ئاماژەیەکدا بۆ باڵادەستى و هەژمونى پارتى بەسەر کابینەکەدا، لەکاتێکدا ئەو حزبە بەردەوام تۆمەتى هەژمونى خۆى بەسەر حکومەتدا رەتدەکاتەوە و دەڵێت بڕیارەکان لەئەنجومەنى وەزیران بە کۆدەنگى دەدرێن.



ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامى ئەنجومەنى سەرکردایەتى پارتى پێشتر بە ناس کوردى ڕاگەیاندبوو، هەوڵ هەیە بۆ کۆبوونەوەى پارتى و یەکێتى و کۆبونەوە دەکرێت، بەڵام وادەکەى دیار نییە "ئێستا لە ڕاگەیاندن گرژییەکان نەماوە، ئەوەش هەلێکى باشە بۆ کۆبوونەوە".  

  

لەبارەى چارەسەرى کێشەکانەوە، ئاراس میرخان جەختیکردبووەوە لە ئێستادا کۆبوونەوەکە گرنگە، دواتر بۆ چارەسەرى کێشەکان دەکرێت کۆبوونەوەى دیکەش بکرێت.