گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عێراق دووەم هاوردەكاری مریشكی ئێرانییە

2020.07.18 - 14:28
عێراق دووەم هاوردەكاری مریشكی ئێرانییە

ناس كورد-

بەرپرسێكی حكومەتی ئێران ڕایگەیاند، عێراق دووەمین وڵاتی هاوردەكاری مریشكی ئێرانیە و لەماوەی سێ مانگی ئەمساڵیشدا زیاتر لە 13 ملیۆن تەن مریشكی ئێرانی هاوردە كردووە.

 

روحڵا تەوفیلی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گومرگەكانی ئێران بە میدیاكانی وڵاتەكەی ڕاگەیاندووە، لە 20ی ئازاری ئەمساڵەوە تاوەكو 20ی حوزەیران زیاتر لە سێ هەزار تەن مریشكی ئێرانی بە بڕی 13 ملیۆن و 284 هەزار دۆلار هەناردە كراوە بۆ عێرق.

 

ڕوونیشی كردووەتەوە، ئەفغانستان لە پلەی یەكەم هاوردەكەری مریشكی ئێرانی دێت كە چوار هەزار و 116 هەزار تەنی هاوردە كردووە بەبڕی هەشت ملیۆن و 185 هەزار دۆلار، بەدوای ئەویشدا عێراق دێت كە دوو هەزار و 523 هەزار تەنی بەبڕی سێ ملیۆن و 599 هەزار دۆلاری هاوردە کردووە.

 

بەوتەی بەرپرسەكەی ئێران، فەنزەویلا سێیەم وڵاتی هاوردەكاری مریشكی ئێرانی دێت كە 264 هەزار تەنی بەبڕی 585 هەزار دۆلاری هاوردە كردووە.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، عوممان و مەنگۆلیا و قەتەر بەپلەی چوارەم تا شەشەم دێن لەرێزبەندی ئەو وڵاتانەی كە مریشكی ئێرانی هاوردە دەكەن.

 

پێشتریش حەمید حوسەینی ئەمینداری گشتی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران عێراقی ڕایگەیاند، لەچاو ساڵی ڕابردوو بڕی هەناردە كردنی شتومەكی ئێرانی بۆ عێراق بەهۆی قەیرانی كۆرۆناوە كەمی كردووە و ئەم ساڵ  بڕەكە بەهاكەی  گەیشتووەتە ملیارێك و 45 هەزار دۆلار.