ناس کورد-
سەرۆكی پێشووتری دیوانی چاودێری دارایی عێراق داوا دەكات، پڕۆژەیاسای بودجەى ساڵی 2020 بە سەرجەم كەموكورتیەكانییەوە تێپەڕێنیت، دەشڵێت، قەبارەی خەرجیەكانی عێراق بۆ موچە لەچاو ساڵی پار زیاتربووە و ئەوەش گرفتی بۆ وەبەرهێنان دروستكردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپیی ڕۆژنامەی سەباحى نیمچە فەرمى عێراق، عەبدولباست توركی، سەرۆكی پێشووتری دیوانی چاودێری دارایی عێراق لە ڤیدیۆ كۆنفڕانسێكدا ڕایگەیاندووە، دواكەوتنی تێپەڕاندنی بودجەی گشتی دۆخی مۆڵەتنەدانی بە مامەڵەكردن بە موڵكی گشتیەوە خوڵقاندووە، بۆیە دەبێت هەر چۆنێك بووە حكومەت بودجەی ساڵی 2020 تێپەڕێنیت و پەرلەمان دەنگی بۆ بدات، بە كەمورتیەكانیەوە باشترە لە نەبوونی.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، قەبارەی موچە لە ساڵی 2020 گەیشتووەتە 66 تریلیۆن دینار و لەساڵی 2019دا 56 تریلیۆن بوو، بەو واتایەی حكومەت زیاتر سەرقاڵبووە بۆ بەڕێوەبردنی فەرمانبەرەكانی نەك بەڕێوەبردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی بۆ خەڵكی.
عەبدولباست توركی باسی لەوەش كردووە، گەر حكومەت تووشی كێشەی كورتهێنان بوویەوە چارەسەرەكە كەمكردنەوەی ئاستی خەرجی نییە بەڵكو دەبێت گرتنەوەیەتی و خەرجكردنێتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانە تەندروستیەكە.
توركی هۆشداری ئەوەشدەدات کە بارودۆخە ئابوورییەكە بۆ بێكارییەكی كوشندە لەناو كۆمەڵگەدا بگۆڕێت و بگاتە قۆناغی تەقینەوەی كۆمەڵایەتی بەهۆی داكشانی ئابووری و داهاتەوە.
دەشڵێت، دەرفەتی وەبەرهێنان لەعێراقدا كراوەیە بەشێوەیەكی هەڵاوێردكاری بەڵام سێگۆشەی مردن بەربەرست لەبەردەم بەرەو پێشچونیدا دادەنێت و ئەوانیش گەندەڵی و پشكپشكێنە و توندوتیژین.
جەختیشیکردووەتەوە، بوونی ئیرادەیەكی سیاسی بۆ تێكشكاندنی ئەو سێگۆشەیە پێویستە بۆ سەركەوتن لەقۆناغی داهاتوودا.