گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەقەکەرەکە خۆی حەشارداوە و  پۆلیس بەدوایدا دەگەڕێت

پۆلیسى گەرمیان:فەرمانى گرتن بۆ تەقەکەرەکەى دوو شەو لەمەوبەرى کەلار دەرکرا

2020.07.17 - 22:06
App store icon Play store icon Play store icon
پۆلیسى گەرمیان:فەرمانى گرتن بۆ تەقەکەرەکەى دوو شەو لەمەوبەرى کەلار دەرکرا

 ناس کورد-ئاراز محەمەد

وتەبێژى پۆلیسى گەرمیان رایگەیاند، فەرمانى گرتن بۆ ئەو کەسە دەرکراوە کە دوو شەو لەمەوبەر لە قەزاى کەلار تەقەى لە ماڵێک کرد و گرتەى ڤیدیۆیى تەقەکردنەکەى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

راید عەلی جەمال قدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لە لێدوانێکى تایبەت بە ناس کوردى وت "ئەو کەسەی تەقەیکردووە ناوى (ش،ح، ف)ە و خەڵکی کفرییە و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە بەپێیی مادەی 430".

 

وتیشی "ئێستا تەقەکەرەکە خۆی حەشارداوە و  پۆلیس بەدوایدا دەگەڕێت".

وتەبیژى پۆلیسى گەرمیان رونیکردەوە، کێشەکە لەبنەڕەتدا لەنێوان دوو کوڕى ئەو دوو خێزانەدا لە وڵاتى بەریتانیا روویداوە و کێشەکە گواستراوەتەوە بۆ نێوان ئەو دوو خانەوادەیە لە کەلار.

 

بڵاوبوونەوەى گرتەیەکى ڤیدیۆیى کە تیایدا کەسێک تەقە لە ماڵێک دەکات لە کەلار کاردانەوەى لێکەوتەوە و خانەوادەى ئەو ماڵەى کە تەقەیان لێکرا ئەمڕۆ (هەینى) راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و ئاراستەى هەریەک لە مەسرور بارزانى و قوباد تاڵەبانى و وەزیرى ناوخۆ و بەرپرسانى پۆلیس و ئەمنى قەزاکە کرد.

 

لە راگەیەندراوەکەدا خانەوادەى ئەو ماڵەى تەقەیان لێکراوە ئاماژە بەوە دەکەن کە لەژێر هەڕەشەدان و ئەگەر بەفریایان نەکەون دەکوژرێن.

 

لە راگەیەندراوەکەدا کەسى تەقەکەر بە پشتئەستوور بە بەرپرسێکى گەرمیان تۆمەتبار دەکەن و دەڵێن "ئێمە لەژێر هەڕەشەی کوشتن و تیرۆرکردنین لەلایەن مافیای پشت ئەستور بە پەرپرسێک لەگەرمیان.یان دەستگیری بکەن یان پاسەوانەکانی خۆتان بێن بمان پارێزن".

 

جەختیش لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە تەقەکەرەکە برای بەرپرسێکی پۆلیسی ناوچەیەکی گەرمیانە بەقسەی خۆی ئەڵێت "من  برایەکم بەرپرسەو حاکم وحکومەت خۆمم کەس ناتوانێت بمگرێت".