گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەناردەكردنەكە سەرەتا بە گەنم دەستپێدەکات و پاشان گۆشت 

لەچەند ڕۆژی داهاتودا عێراق بەروبومى كشتوكاڵی هەناردە دەكات 

2020.07.17 - 21:06
لەچەند ڕۆژی داهاتودا عێراق بەروبومى كشتوكاڵی هەناردە دەكات 

ناس کورد-

سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لەپەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لەچەند ڕۆژی داهاتوودا عێراق 900 هەزار تەنی بەروبومی كشتوكاڵی هەناردەی وڵاتان دەكات و بۆ كۆتایی ساڵیش گۆشت هەناردە دەكات.

 

لەڕاگەیەنراوێكدا سەلام شەمەری، سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لەپەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لەساڵانی ڕابردوودا عێراق 5 ملیۆن تەنی گەنم و جۆی هاوردە كردوە بەڵام بۆ ئەمساڵ سودی لەبەروبومی خۆماڵی لەگەنم و جۆ وەرگرتووە و لەچەند ڕۆژی داهاتوشدا 900 هەزار تەنی گەنم هەناردە دەكات.

 

شەمەری ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، عێراق خاوەنی زیاتر لە 20 ملیۆن دۆنمە كە شیاوە بۆ بەروبومی كشتوكاڵی و لەچەند مانگی داهاتوشدا و دوای دابینكردنی بڕی پێویست بۆ ناوخۆ هێلكە و مریشك و ماسی هەناردەی دەرەوە دەكات. 

 

سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ ئەوەشی ئاشكرا كردووە، حكومەت بەڕێژەی 50% پاڵپشتی جوتیاران دەكات بەڵام گەندەڵی و قۆرخكاری نەیهێشتووە ئەو بڕە بگاتە كێڵگە كشتوكاڵیەكان.

 

 جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، لیژنەی كشتوكاڵ سوورە لەسەر پاڵپشتیكردنی داخستنی سنورەكان بەڕووی بەروبومی كشتوكاڵی وڵاتاندا بەهۆی ئەوەی بەروبومی ناوخۆیی بەشدەكات.

 

پێشتریش محەمەد كەریم خەفاجی وەزیری كشتوكاڵی عێراق جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، وەزارەتەكەیان بەردەوامە لەهەماهەنگیكردن لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو بەمەبەستی دانانی پلانێكی كشتوكاڵی بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراكی نیشتیمانی لەڕێگەی دابینكردنی بەروبومە كشتوكاڵیەكان و هەروەها هەناردەكردنی ئەو بڕە زیادانەی بۆ دەرەوە كە ناوخۆ پێویستی پێی نامێنێت.