گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرەبەیانی رۆژی هاوسەرگیرییەكەی زانی كە كوردە و هەڵەبجەییە

چیرۆكی ونبوویەكی هەڵەبجە كە دوای 24 ساڵ خێزانەكەی دۆزییەوە

2019.04.19 - 11:33
App store icon Play store icon Play store icon
چیرۆكی ونبوویەكی هەڵەبجە كە دوای 24 ساڵ خێزانەكەی دۆزییەوە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد-
كەم نەبوون ئەو منداڵانەی لەدوای كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە و ئاوارەبوونیان بەرەو وڵاتی ئێران ونبوون و تاوەكو ئێستاش بەشێكی زۆریان نەدۆزراونەتەوە، یاخود لە وڵاتی ئێران لای خێزانە فارسەكان گەورەبوون و هێشتا نازانن كوردن و خەڵكی هەڵەبجەن.

.

محەمەد ئەمین، یەكێكە لەو منداڵانەی لە كاتی كیمابارانكردنی شاری هەڵەبجە باوكی شەهید دەبێت و لەگەڵ دایك و براكەی ئاوارەی وڵاتی ئێران دەبن، بەڵام لەوێ لە نەخۆشخانەی كرماشان، محەمەدی تەمەن هەشت مانگی لە دایكی ون دەبێت و چارەنووسێكی دیكە دێتە ڕێگەی.

.

ئەو كەوتە لای خێزانێكی خەڵكی شیراز و دەچێتە قوتابخانە و لە زانكۆ وەردەگیرێت و هەموو ئەو ساڵانە لە ڕابردووی خۆی بێ‌ ئاگا بوو، تا ڕۆژێك لە بەیانی ڕۆژی هاوسەرگیرییەكەیدا نامەیەك ژیانی هەڵگێڕایەوە و دوای ساڵانێكی زۆر زانی كە ئەو بە رەچەڵەك كوردە و ئاوارەی ئێران بووە و هەوڵیدا خێزانەكەی بدۆزێتەوە و دواجار بە ئاواتەكەی دەگات.

.

محەمەد ئەمین لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (پیشخوان)ی ئێرانیدا چیرۆكی ژیانی خۆی دەگێڕێتەوە كە چۆن زانیویەتی ئەو ونبوویەكی شاری هەڵەبجەیە و دەڵێت:"ئەوكاتە تەمەنم 24 ساڵ بوو، تازە هاوسەرگیریم كردبوو، باوكم نامەیەكی پێدام و تەئكیدی كردەوە كە بە وردی بیخوێنمەوە، ئەو هەموو چیرۆكەكەی لەو نامەیەدا باس كرد بوو، چیرۆكێكی سەیر باوەڕكردن پێی بۆ خۆشم ئەستەم بوو، بەڵام هەموو بیركردنەوەی منی شێواند، بیهێننە پێش چاوتان كە بە گەنجێكی 24 ساڵە بڵێن، تۆ كوڕی ئێمە نیت، ئێمە تۆمان لە شیراز دۆزیوەتەوە و كردوومانی بە كوڕی خۆمان، ئەوەی دەمخوێندەوە جێگەی باوەڕ نەبوو، كە خێزانەكەم لە هێرشە كیمیاییەكەی سەدام بۆ سەر هەڵەبجە هاتوونەتە كرماشان و دواتر خۆمم لە شیراز بینیوەتەوە، ئەوە نوسینی ناو نامەكە بوو".

.

محەمەد ئەمین لەگەڵ خوێندنەوەی نامەكەدا تەندروستی تێكدەچێت و 15 ڕۆژ لە نەخۆشخانە دەكەوێت، وەك خۆی دەڵێت، نووسینەكانی ناو نامەكە وەك سەربازی جەنگی لەبەرچاویدا دەهاتن و دەچوون، دوای چەند مانگێك ئینجا خۆی دەدۆزێتەوە، بەڵام پرسیارەكان مێشكی دەخۆن، چەندین پرسیاری بێ وەڵام، كە باوكیشی وەڵامی بۆ ئەو پرسیارانە لەلا نەبوو.

.

محەمەد بەهۆی ئەوەی، ئەوكاتە هەشت مانگان بووە و پاش گەورەبوونی هەموو وێنەو ناسنامە و هەموو شتێكی منداڵی دەبێت، هیچ گومانێكی بۆ دروست نابێت كە كوڕی ئەو خێزانە نەبێت، هەر بۆیە هیچ شتێكی گوماناوی نابینێت كە ئەو كوڕی ڕاستەقینەی ئەو خێزانە نەبێت ، كە نامەكە دەخوێنێتەوە تەندروستی زۆر تێكدەچێت، چونكە بە وتەی خۆی هەرگیز چاوەڕوانی شتێكی وای نەكردووە.

.

"پاش ماوەیەك بڕیارمدا هەرچۆنێك بێت دایكم بدۆزمەوە، هەرچەندە كارێكی سەخت بوو، یەكەمجار چووم بۆ كرماشان، بەڵام هیچ زانیارییەك نەبوو، دواتر چوومە هەڵەبجە و تەنانەت هەموو گوندەكانی نزیكی هەڵەبجە گەڕام، بەڵام بێ سوود بوو، باوكیشم هاوكاری زۆری كردم و هەوڵێكی زۆرمدا، بەڵام ئەمە بێ ئومێدی نەكردم، چونكە دەمزانی ئەو كارە كاتی دەوێت"، كوڕە ونبووەكەی هەڵەبجە وا دەڵێت.

.
محەمەد ئەمین، لە ڕێی بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیەوە، كە لە هەولێر و شارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان پەخش دەكرا، بڕیاریدا لەو بەرنامەیەدا بەشداری بكات و بە ئومێدی ئەوەی لەو ڕێگەیەوە بتوانێت بە ئەنجامێك بگات، بەشداری بەرنامەكەی كردووە و چیرۆكی ڕووداوەكانی ژیانی خۆی گێڕایەوە، لە بەرنامەكەدا ژنێك پەیوەندی دەكات و دەڵێت كە ئەو دایكی محەمەد ئەمینە و ئاماژەی بەوە كردووە كە ساڵانێك پێش ئێستا چووەتە ئێران و لەوێ منداڵەكەی ون كردووە.

.

قسەكانی ئەو ژنە لەگەڵ چیرۆكەكەی محەمەد ئەمیندا ڕێك دەكەوتن، ئەوە بۆ ئەو یارمەتیدەرێكی باش بوو، بەڵام دەبوو دڵنیاببنەوە، چونكە لە هەرێمی كوردستان لەو جۆرە خێزانانە زۆرن كە منداڵەكانیان ون كردووە.

.
محەمەد ئەمین سەبارەت بەوەی چۆن دڵنیابووەتەوە كە كوڕی ئەو ژنەیە ئاماژەی بەوەكردووە، لە هەرێمی كوردستان تاقیكردنەوەی (DNA) ئەنجامداوە، بەڵام تاقیكردنەوەكەیان بۆ بەڕیتانیا ناردووە و هیچ وەڵامێكیش نەهاتووەتەوە بۆی، دواتر لە ئێران تاقیكردنەوەی دووەمیان ئەنجامداوە و پاش 72 كاتژمێر ئەنجامی تاقیكردنەوەكە دەرچوو، ئەو دەڵێت"پزیشكەكان پێیان ڕاگەیاندم كە ئەو ژنە دایكی ڕاستەقینەی تۆیە، هەستێكی زۆر تایبەتم هەبوو كاتێكی زۆر ناوازە بوو، براكەم زۆر لە خۆم ئەچوو، تەنانەت جوڵە و هەڵسوكەوتمان هاوشێوە بوو".

.

ئەو كە هەر لە منداڵییەوە لە ئێران ژیاوە باس لەوە دەكات، كە خۆی بە خەڵكی ئێران دەزانێت، چونكە 32 ساڵە لەوێ دەژی و باوك و دایكی ئەركیان لەگەڵدا كێشاوە و ئەوان بە دایك و باوكی خۆی دەزانێت، بەڵام ئەو نیگەرانی دایكە پیرەكەشیەتی لە هەڵەبجە و ئەویشی خۆشدەوێت، دوای زانینی ئەو كارەساتەی ڕژێمی بەعس بەسەر كوردستانی هێناوە، ئارەزوو دەكات، خێزانەكەشی ببات و لە ئێران پێكەوە بژین.

.