گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کاتی بەرهەمهێنانی یەکەم ڤاکسینی کۆرۆنا لە جیهاندا ئاشكراکرا.. دەبێتە یەکەم ڤاکسین

2020.07.17 - 14:08
کاتی بەرهەمهێنانی یەکەم ڤاکسینی کۆرۆنا لە جیهاندا ئاشكراکرا.. دەبێتە یەکەم ڤاکسین

ناس کورد-

بەرپرسی سندوقی وەبەرهێنانی ڕوسیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بەنیازە ئەمساڵ نزیکەی 30     ملیۆن دانە ڤاکسینی دژبە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرهەمبهێنێت و ئاماژەی بەوەشدا، پێشبینی دەکەن پێش وڵاتانی جیهان بدەنەوە لە بەرهەمهێنانی ڤاکسینی دژبە نەخۆشییەکە وبەرهەمەکەیان ببێت بە یەکەم ڤاکسینی ڕێگەپێدراوە لەسەرئاستی جیهان.

 

کێریڵ دیمترییڤ، بەرپرسی سندوقی وەبەرهێنانی ڕوسیا بە ئاژانسی "ڕۆیتەرز"ی  ڕایگەیاندوە، حکومەتی وڵاتەکەی پلانی هەیە 40 بۆ 50 ملیۆن کەس لە هاووڵاتیانی پێکوتە بکات, بڕیاریشە پڕۆسەی پێکوتەکردنەکە ساڵی داهاتوو کۆتایی پێبێت.

 

بەرپرسە ڕوسییەکە ئاماژەبەوەشداوە: "قۆناغی دووەمی تاقیکردنەوە تەختییەکانی ڤاکسینەکە ئەم هەفتەییە کۆتایی پێ هاتووە و بڕیارە قۆناغی سێهەمی تاقیکردنەوەکان لەسەرڤاکسینەکە مانگی ئابی داهاتوو دەست پێبکات." 

 

دیمترییڤ ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەگوێرەى ئەنجامی تاقیکردنەوە سەرەتاییەکانی ڤاکسینەکە ڕوسیا دەتوانێت لە مانگی ئابی داهاتوودا ئەو ڤاکسینە بەرهەمبهێنێت و ڕێگە پێدانی نێودەوڵەتی وەربگرێت, بەوپێیەش دەبێتە یەکەم وڵات کە ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بەرهەمبهێنێت، چونکە زۆربەی وڵاتانی جیهان پلانیان داڕشتووە لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا ڤاکسینەکانیان بکەوێتە بواری بەرهەمهێنانەوە." 

 

به‌پێى دوایین ئاماره‌كان، ژماره‌ى تووشبوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ڕوسیا ‌752 هه‌زار كه‌سی تێپەڕاندووە و زیاتر لە 11هه‌زارکەسیش بە پەتاکە مردوون.

 

لە ئێستادا ولاتانی زلهێز و خاوەن ئابوری بەهێز، لە سەردەمی کۆرۆنادا ململانێی ئابوری و خۆپڕچەککردنیان بۆ ماوەیەک وەلاوە ناوە، هەموو سەرنجیان لەسەر ئەوەیە پێش یەکدی ڤاکسین بۆ کۆرۆنا بدۆزنەوە.

 

جیهان ڕێگەی دۆزینەوەی ڤاکسینی دژی پەتای کۆرۆنا گرتووەتەبەر کە تاوەکو ئێستا نزیکەی لە 14 ملیۆن کەسی لە تەواوی جیهان تووشکردووە.

 

ئەمە لەکالتێکدایە کە دوێنێ ( چوارشەممە)  کۆمپانیای مۆدێرنای ئەمریکی کە لە بواری دەرمان کاردەکات ڕایگەیاند: " کۆتایی ئەم مانگە دوایین تاقیکردنەوەی ڤاکسینی کۆرۆنا لەسەر مرۆڤ ئەنجامدەدات." 

 

کۆمپانیاکە ئاماژە بەوەشکرد: "ئەو 45 خۆبەخشەی لە قۆناغی یەکەم ڤاکسینەکەیان لەسەر تاقیکرابووەوە ئەنجامی دڵخۆشکەریان پیشانداوە و ڤاکسینەکە بەرگریی جەستەی بەهێزکردوون." 

 

ئەوەشخراوەتەڕوو، پێشبینیدەکرێت ئەنجامی کۆتایی تاقیکردنەوەکان لە 27ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2022 ڕابگەێنرێن، بەڵام چاوەڕێدەکرێت ئەنجامە بەراییەکان لە ساڵی 2021 دەربکەون.

 

هاوکات بەشێکی زۆر لەزانایان و پزیشکان لەجیهاندا گومانیان هەیە لەوەی بەم زوانە مرۆڤایەتی بتوانێت ڤاکسینێکی کارای دژ بە ڤایرۆسی کۆرونا بگەیەنێتە ئەنجام، دەشڵێن: "خێراترین ڤاکسین لە جیهاندا کە تائێستا بەرهەمهێنراوە ڤاکسینی دژ بە نەخۆشی( ملە خڕە) بووە لە ساڵی 1967 کە بەرهەمهێنانەکەی چوار ساڵی پێچووە."