کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد-
وردە وردە عیراق دەبێت بە وڵاتی سێهەمی ئەو تاوانبارانەی بە تیرۆر داواکراون، پاش ئەوەی 14 ئەندامی دیلكراوی داعش درانە دەست وڵاتی عێراقەوە، بەهۆی مەترسی كوشتنیەوە "بوكەكەی داعش" گوازراوەتەوە بۆ ناوچەیەكی نزیك لە سنوری عێراق و ئەگەری هەیە بدرێت بە عیراق.
هەرچەندە باس لەوە دەكرا (شەمیمە بەیغوم)ی بەڕەگەز بەڕیتانی هەڵهاتبێت، بەڵام ڕۆژنامەی (زە سەن)ی بەریتانی ئاشکرایکردووە: "بەیغوم لە خێوەتگەی هولی ئاوارەکانی باکوری سوریا نامەیەکی بە دەستگەیشتووە، تیایدا هەڕەشەی کوشتنی لێكراوە، بۆیە هێزە ئەمنیەکان لەگەڵ منداڵەکەیدا گواستویانەتەوە بۆ بنکەیەکی تری سەربازی نزیک لەسنورەکانی عیراق".
پاش ئەوەی وەزیری ناوخۆی بەڕیتانیا برٍیاری دا بە وەرگرتنەوەی ڕەگەزنامەی وڵاتەكەی لە بەیغوم "بوكەكەی داعش"، ئەو پرسە دەنگۆیەكی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەوەی نابێت كەسێك هەبێت بە بێ ڕەگەزنامە بژێت، كە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەكانە.
هەرچەندە باس لەوە دەكرا كە بەهۆی دایكییەوە كە خاوەنی ڕەگەزنامەی بەنگلادیشییە، دەكرێت ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتەی هەبێت بەڵام پاریزەرەكەی ئەوەی ڕاگەیاند: "حكومەتی بەنگلادیش شەمیمە بەیغوم ناناسێت".
لە بارەی وەرگرتنەوەی ڕەگەزنامە لە هاوسەری (شەمیمە بەیغوم) لە لایەن هۆڵەنداوە، حكومەتی هۆڵەندا ئەوەی ڕاگەیاند ئەوان ڕەگەزنامەی وڵاتەكەیان لە (یاغو ریدجیك) هاوسەری شەمیمە وەرناگرنەوە، بەڵگو دەیانەوێت بگەڕێندرێتەوە بۆ هۆڵەندا و لەوێ دادگایی بکرێت.
لە بەرامبەر وەرگرتنەوەی ڕەگەزنامە لێی لە لایەن بریتانیاوە "بوكەكەی داعش" باسی لەوەكردبوو، لە دەچێتە سەر ڕەگەزنامەی هاوسەرەكەی، بەڵام هۆڵەندا ڕەتیان كردووە ڕەگەزنامەی پێبدەن.