گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’ئەو زەویانەى بە کارت دابەشکراون تاپۆدەکرێت’

حکومەتى هەرێم پەیڕەوی ناوخۆیی بۆ سندوقی خانەنشینی فەرمانبەرانی هەرێم پەسەندکرد

2020.07.15 - 16:25
حکومەتى هەرێم پەیڕەوی ناوخۆیی بۆ سندوقی خانەنشینی فەرمانبەرانی هەرێم پەسەندکرد

ناس کورد-

وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیراندا پەیڕەوی ناوخۆیی بۆ سندوقی خانەنشینی فەرمانبەرانی هەرێم پەسەندکرا و ئەو زەوییانەى بە کارت دابەشکراون تاپۆدەکرێن و کێشەکانیان یەکلایى دەکرێنەوە.

 

جوتیار عادل، وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە میانەى ئەنجامدانى کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا ئاماژەى بە ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزیران کرد و وتى "لە کۆبوونەوەکەدا پێکهێنانى سندوقى خانەنشینى پەسەند کراوە".

 

لە بەشێکى ترى کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا وتەبیژى حکومەتى هەرێم رونیکردەوە "دانوستاندن و گفتوگۆکانى نێوان هەرێم و بەغدا بەردەوامە و بەمزووانە شاندى حکومەتى هەرێم دەچێتەوە بۆ بەغدا".

 

جەختیشى لەسەر ئەوە کردەوە نەچوونى شاندى هەرێم بۆ بەغدا بابەتێکى تەکنیکییە و هیچى تر.

 

باسى لەوەش کرد لەگەڵ حکومەتى عێراق هەماهەنگى باش هەیە لەناوچە جێناکۆکەکان دژ بە جموجۆڵ و چالاکیى رێکخراوى داعش لەو ناوچەیە.

 

جوتیار عادل ئاماژەى بەوە کرد رێککەوتن لەگەڵ بەغدا بەئامانجێکى ستراتیژى تەماشا دەکەن دەستور تاکە رێگایە بۆ رێککەوتن.

 

هاوکات لە راگەیەندراوێکى نوسینگەى رۆژنامەوانى ئەنجومەنى وەزیراندا ئاماژە بەو بڕیارانە کراوە کە لە کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزیراندا پەسەندکراوە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە "ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پەیڕەوی ناوخۆیی بۆ سندوقی خانەنشینی فەرمانبەرانی هەرێم پەسەند دەکات لە پێناو زامنکردنی مافی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە گشت بوارەکانی وەزیفە . داهاتی سندوقەکەش تەنیا بۆ شایستەی دارایی خانەنشینان خەرج دەکرێت".

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکەى ئەنجومەنى وەزیران لە کۆبوونەوەکەدا پەیڕەوی تایبەت بە مەرجەکانی دامەزراندن بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی و بەرەو ژوور پەسەند کرا.

 

لەبەشێکى ترى راگەیەندراوەکە ئاماژە بەوە کراوە، ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران لە چوارچێوەی پەیرەوەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی  یاسای چاکسازیی ( پەیڕەوی تایبەت بە مەرجەکانی دامەزراندن بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی و بەرەو ژوور) سەرەڕای مەرجە گشتیەکانی دامەزراندن لە وەزیفەی گشتیی خستەڕوو. پاش گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە بە کۆی دەنگ پەیڕەوەکە پەسەند کرا، کە مەبەستی سەرەکی لەم پەیڕەوەش ڕەچاوکردنی هەبوونی بڕوانامە و شارەزایی و لێهاتوویی ئەو کەسانەیە کە ئەو پلە وەزیفیانە پڕدەکەنەوە و ڕۆڵی سەرکردایەتی کارگێڕیی دیاریان هەیە لە بەڕێوەبردنی ئەرک و چالاکییەکانی وەزارەتەکان وەک کەسانی پیشەیی و تەکنۆکرات.

 

ئینجا پرۆژە یاسای نوێی فرۆشتن و بە کرێدانی مایەکانی دەولەت لە لایەن ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان خرایە ڕوو و دواتر بە کۆی دەنگ پەسەند کرا.

 

پاشان بڕیار لە سەر پێشنیاری هاوبەشی هەردوو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو درا  تایبەت بە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی جێبەجێکردنی یاسای ڕێکخستنی مافی ڕەفتارکردن لەسەر زەویوزاری کشتوکاڵی ژمارە ( 1) ی ساڵی 2008 تایبەت بە قەرەبووکردنەوەی ئەو جووتیارانەی کە مەرج وپێداویستیەکانی هاتوو لە یاسای ئاماژەپێدراویان تێدایە و تا ئێستا مامەڵەی قەرەبووکردنەوەکانیان ڕایی نەکراوە، ئەویش لە دوای ووردبینی دۆسیەکان و دڵنیابوون لە هەبوونی مەرجە یاساییەکان، بەم جۆرە کێشەی بەشێکی زۆر ئەو هاووڵاتیانە چارەسەر دەبێت کە بە شێوەی کارت و بە پێی شایستەبوون زەویان پێدراوە لە ساڵانی پێشوو بەڵام تا ئيستا لە فەرمانگەکانی تاپۆ بەناویان نەکراوە، دەرفەتیش دەدات بەو هاووڵاتیانەی یەکەی نیشتەجێبوونیان لە پڕۆژەکان کڕیوە، بە فەرمی بەناوی خۆیان بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش وەزیرەکانی (شارەوانی وگەشتوگوزار، کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو، داد) ڕاسپێردران پەلە بکەن لە ڕاییکردنی مامەڵەی یاسایی ئەو هاووڵاتیيانە.