گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمانتارێکى کۆمەڵ باسى دوو قۆناغ دەکات

كێ دەچێتە شوێنەكەی سۆران عومەر؟

2020.07.15 - 15:06
App store icon Play store icon Play store icon
كێ دەچێتە شوێنەكەی سۆران عومەر؟

ناس کورد-



پەرلەمانتارێكی كۆمەڵی ئیسلامی ڕایدەگەیەنێت، دوای پەسەندكردنی دەستلەكاركێشانەوەی سۆران عومەر كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بەپێی پلەبەندی دەنگەكان كەسێك بۆ شوێنگرەوەی دیاری دەكات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڕووپاك ئەحمەد پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان بەناس كوردی ڕاگەیاند "لەڕووە یاساییەكەوە دەبێت پەرلەمانی كوردستان لەدانیشتنێكدا بەكۆی دەنگ دەستلەكاركێشانەوەكەی سۆران عومەر پەسەند بكات ئەوكات هەنگاوی دووەم دەستپێدەكات".

 

وتیشی "لەقۆناغی دووەمدا، بۆ جێگرەوەی ئەو پەرلەمانتارە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی كوردستانەوە بەپێی پلەبەندی كەزۆترین دەنگی هێناوە دوای سۆران عومەر ئەوكات ئەو كەسە دیاری دەكرێت و شوێنی ناوبراو دەگرێتەوە و لەپرۆسەیەكدا ئەویش سوێندی یاسایی دەخوات".

 

لەبارەی ئەوەى ئایا عومەر گوڵپی بەڕێوەبەری گشتی چاودێرى كۆمەڵایەتی گشتی سلێمانی كە پێشتر لەسەر لیستی كۆمەڵ كاندید بوو دەنگی پێویستی بەدەستنەهێنا شوێنى سۆران عومەر دەگرێتەوە، ڕووپاك ئەحمەد وتی زانیاری لەو بارەیەوە نیە كە ئەو كادیرەی كۆمەڵ بەپێی ڕێزبەندی دەنگەكان شایستە بێت بۆ ئەندامێتی فراكسیۆنەكەیان لەپەرلەمانی كوردستان.

 

ئەمڕۆ سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی نامەی دەستلەكاركێشانەوەی ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد و هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە ئەو دەزگایە ئەركی خۆی لەیاسادانان و چاودێریكردنی حكومەت و نوێنەرایەتی كردنی خەڵكی كوردستان بەجێناهێنێت.

 

دەستلەکارکێشانەوەى سۆران عومەر دواى چەند رۆژێک هات لە دەرکردنى فەرمانى دەستگیرکردنى لەلایەن دادگایەکى هەولێرەوە، لەسەر سکاڵایەک کە لە پۆلیسى خانەقا لەسەرى تۆمارکراوە.      

 

هەر ئەمڕۆ فراکسیۆنى کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانى کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، دەستلەکارکێشانەوەى سۆران عومەر بە ڕاوێژبووە لەگەڵ ئەنجومەنی سیاسیی کۆمەڵ و دەڵێت، "بەڵام بابەتەکە هەم بەلاڕێدا برا و هەمیش زیاد لە قەبارەی خۆی گەورەکرا".  

 

ڕۆژی 14 حوزەیرانی ڕابردوو رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە بڕیارێك پارێزبەندی بۆ سۆران عومەر گەڕاندەوە، دوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی کە لەدانیشتنی 7ی ئایاری مانگی ڕابردووی پەرلەماندا کە بەدەنگى فراکسیۆنى پارتى و پێکهاتەکان پەسەندکرا.      

  

دواى دەرکردنى بریارەکە سەرۆكی پەرلەمان ڕەوانەی ڕۆژنامەی وەقایعى فەرمى کرد، لەلایەن وەزارەتى دادەوە دەردەکرێت و تایبەت بە بڵاوکردنەوەى بڕیار و نوسراوە فەرمییەکانى دام و دەزگاکانى هەرێم، بۆ ئەوەى بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.        

  

بەڵام فرسەت ئەحمەد، وەزیرى داد ڕەتیکردەوە بڕیارەکەى سەرۆکى پەرلەمان بڵاوبکەنەوە لەو ڕۆژنامەیەدا و لە نوسراوێکدا جەختیکردەوە کە بڕیارەکە بە "نەبوو" دادەنرێت و بۆ بڵاوکردنەوە ناشێت لەو رۆژنامەیەکدا، چونکە بڕیارەکەى سەرۆکى پەرلەمان پێچەوانەى رێساى گشتى پلەبەندى یاسایی دەرچووە، ئەوەش بڕیارەکەى بەجێبەجێنەکراوى هێشتەوە.        

  

لەئێستادا چارەنوسى بریارەکە بە نادیارى ماوەتەوە، بەهۆى بڵاونەکردنەوەیەوە لە رۆژنامەى وەقایع، دیاریش نییە سەرۆکى پەرلەمان چ رێکارێکى دیکە دەگرێتە بەر بۆ ئەوەى بڕیارەکەى جێبەجێ بکات.