ناس کورد-
راپۆرتێکى ئەکادیماى زانستى پزیشکى بەریتانى، پێشبینى ئەوە دەکات لە زستانى داهاتوودا ئەو وڵاتە روبەڕووى شەپۆلى دووەمى کۆرۆنا ببێتەوە کە توندتر دەبێت لە شەپۆلى یەکەم و رەنگە ببێتە هۆى گیانلەدەستدانى 120 هەزار کەس لەماوەى نۆ مانگدا بەپێی خراپترین پێشبینییەکان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ستیڤن هولگیت، مامۆستاى زانکۆ کە بەشدارى لە ئامادەکردنى راپۆرتەکەدا کردووە دەڵێت، لەگەڵ ئەگەرى بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا لەزستاندا، خەڵکێکى زۆر کاتێکى درێژ لە شوێنە داخراوەکان بەسەردەبەن، بۆیە شەپۆلى دووەم دەکرێت زۆر توندتر بێت لەشەپۆلى ئێستا.
ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەوە تەنها گریمانەیە، ژمارەى مردووان لەگەڵ دەرکەوتنى شەپۆلى نویی کۆرۆنا لە زستاندا زیاتر دەبێت، بەڵام دەکرێت سنور بۆ ئەو مەترسییە دابنرێت ئەگەر رێوشوێنى بەپەلە بگیرێتەبەر.
ژمارەى ئەو کەسانەى تا ئێستا لە بەریتانیا گیانیان لەدەستداوە بەهۆى توشبوونیان بە کۆرۆنا گەیشتووەتە نزیکەى 45 هەزار کەس، کە بەرزترین ئامارە لەئەوروپا.