گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’ بەڵگەى تەواومان لەبەردەستدایە’

کۆشکى سپى: ئێران هەوڵى بەدەستهێنانى چەکى ئەتۆمى دەدات  

2020.07.14 - 08:41
کۆشکى سپى: ئێران هەوڵى بەدەستهێنانى چەکى ئەتۆمى دەدات  

ناس کورد-

بەرپرسێکى باڵاى ئەمنى ئیدارەى ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەى بەڵگەى تەواوەتى لەسەر هەوڵى ئێران بۆ بەدەستهێنانى چەکى ئەتۆمى لەبەردەستدایە و جەختى لەسەر ئەوە کردەوە تا ئەو کاتەى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا بێت ڕێگە بەشتێکى لەو جۆرە نادەن.

 

رۆبرت ئۆبریان، ڕاوێژکارى ئەمنى قەومى لە کۆشکى سپى لەمیانەى ئەنجامدانى چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ماڵپەرێکى ناوخۆیى ئاماژەى بەوە کرد "ئێران هەوڵى بەدەستهێنانى چەکى ئەتۆمى دەدات" جەختیشى لەسەر ئەوە کردەوە کە ئیدارەى ترەمپ رێگرى لەوە دەکات ئێران ئەو ئامانجەى بەدیبهێنێت.

 

رۆبرت وتیشى "دەزانین ئێران هەوڵى بەدەستهێنانى چەکى ئەتۆمى دەدات. ئەوەمان لە رێگەى چەند بەڵگەیەکەوە زانیوە کە ئیسرائیلییەکان لە ئەرکێکى ئەمنیدا بەدەستیانهێناوە".

 

بەوتەى راوێژکارەکەى کۆشکى سپى، ئێران ڕێگە بە پشکنەرەکانى ئاژانسى نێودەوڵەتى وزەى ئەتۆمى نادات بگەن بە پێگە ئەتۆمییەکانى ئەو وڵاتە، وەکچۆن پەیوەست نییە بەو رێککەوتنانەى کە لەو بوارەدا واژۆى کردووە.

جەختیشى لەسەر ئەوە کردەوە، هەتا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا بێت رێگە بەوە نادات ئێران ببێتە خاوەنى چەکى ئەتۆمى.

 

لێدوانەکەى ڕاوێژکارە ئەمنییەکەى کۆشکى سپى لەکاتێکدایە کە لەم ماوانەى رابردوودا چەند تەقینەوەیەک لە چەند ناوچەیەکى جیاوازى وڵاتى ئێران و لە بنکە سەربازى و ئەتۆمییەکان روویاندا.