گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مليارەها دينارى حكومەت قەرزارن و خراپترين خزمەتگوزاريان هەيە لەناوچەكە

نوێكردنەوەى گرێبەستى كۆمپانيا پەيوەنديەكان ڕەتكردنەوەى شەقام و پەرلەمانى لێدەكەوێتەوە

2020.07.13 - 15:22
نوێكردنەوەى گرێبەستى كۆمپانيا پەيوەنديەكان ڕەتكردنەوەى شەقام و پەرلەمانى لێدەكەوێتەوە

ناس کورد- 

ژمارەيەك پەرلەمانتاری عێراق سەرقاڵى كۆكردنەوەى واژووى پەرلەمانتارانن، بۆ ئەوەى پەرلەمان بڕيارێك دەربكات و ڕێگە لە بڕيارێكى گوماناوى و جێى مشتومڕى حكومەت بگرێت كە ئەويش نوێكردنەوەى گرێبەستى كۆمپانياكانى پەيوەندييە، كە لە هەمان كاتدا مۆڵەتى بەكارهێنانى نەوەى چوارەمى خزمەتگوزارى ئينتەرنێتى پێداون.

 

سێ ليژنەى پەرلەمانى عێڕاق بڕيارەكەى حكومەت ڕەتدەكەنەوە و پێيان وايە، مستەفا كازمى، سەرۆكى حكومەت ڕوبەڕوى پەستان بووەتەوە بۆ تازەكردنەوەى گرێبەستەكان، ليژنەى ئابورى پەرلەمانيش دەڵێت، واژووى زياتر لە 100 ئەنداميان كۆكردووەتەوە بۆ ڕێگەگرتن لێى، بەڵام نوسەرێكى سياسى ديار دەڵێت: "خێزانە سياسيەكان كە خاوەنى كۆمپانياكانن پەستانيان لەسەر كازمى دروستكردووە بۆ نوێكردنەوەى گرێبەستەكان."

 

ڕێنمايى كازمى بۆ نوێكردنەوەى گرێبەستى كۆمپانياكانى پەيوەندى لە عێراق توڕەبونێكى لەسەر ئاستى جەماوەرى و ڕاگەياندن و پەرلەمانتاران دروست كردوە، پێش دوو مانگيش پەرلەمان بەرپەرچى بڕيارى بڕينى موچەى خانەنشينان و موچەخۆرانى دايەوە، بەڵام وا دەردەكەوێت ئەم جارەيان پێكدادانێكى نوێى توندتر سەرهەڵدەدات، ئەگەر بڕيارەكە بچێتە بوارى جێبەجێكردنەوە.

 

ئەياد سەماوى، نوسەر و سياسى سەربەخۆ دەڵێت، گۆڕانكاريەكانى ئەم دواييەى ئەنجومەنى ئەميندارانى سەربە دەستەى ڕاگەياندن و پەيوەنديەكان بۆ ئەوەبوو كە ئەم گرێبەستە تێپەڕێنرێت، ئەوەبوو لەماوەى تەنها 24 كاتژمێرێردا بە سەركەوتوويى ئەنجامدارا لە ڕۆژى 6 بۆ 7ى تەموز.

 

سەماوى ئەوەشى بە پێگەى "العالم" وتوە، زياتر لە نيشانەيەكى پرسيار لەسەر كارەكانى ئەنجومەنى ئەميندارانى نوێ و نوسينگەى سەرۆك وەزيران هەيە كە دادوەر رائد جەوحى بەڕێوەى دەبات.

 

ڕونيشيكردوەتەوە، پرۆسەى (گرێبەستى گوماناوى) بە بڕيارى ئەنجومەنەكە بۆ نوێكردنەوەى مۆڵەتەكان دەستى پێكرد، كە ئەوەش پێچەوانەى ياساى دەستەى ڕاگەياندن و پەيوەنديەكان كراوە كە ڕێگە نادات بەبێ ئامادەبونى هەر شەش ئەندامەكەى هيچ بڕيارێك بدرێت، بەڵام لەكاتى بڕيارەكەدا تەنها چوار ئەندام ئامادەبوون.

 

ئەوەشى ئاشكراكردوە، لە هەمان ڕۆژدا بڕيارەكە نێردراوە بۆ ئەميندارێتى ئەنجومەنى وەزيران و خراوەتە ناو بەرنامەى ڕۆژى دواترى دانيشتنى ئەنجومەنەكە، ئەوەش بەشێوەيەكى كتوپڕ و ئەو بڕگەيە لە بەرنامەى كاردا نەبووە.

 

بەپێى وتەى ئەو سياسيە سەربەخۆيە، ئەنجومەنى وەزيران ڕەزامەندى لەسەر بڕيارەكەدا و لە كۆبونەوەكەشدا چەند وەزيرێك ڕەتيانكردەوە دەنگى پێ بدەن، تەنانەت بڕيارەكە ئاراستەى بازنەى ياسايى ئەميندارێتى ئەنجومەنى وەزيران نەكرا بۆ ئەوەى لێكۆڵنيەوە لە سەلامەتى بكات لەڕووى ياساييەوە، ئەو جۆرە گرێبەستانە داهاتێكى گرنگ بۆ دەوڵەت دەهێنن و پێويستە وەزارەتى دارايى بۆچونى هەبێت لەسەرى، لەساڵى 2007 يشدا گرێبەستەكە لەلايەن ئەو وەزارەتەوە واژۆى لەسەر كرابوو.

 

لە بڕايەكەى ئەنجومەنى وەزيراندا هاتووە، پێويستە ئەو كۆمپانيايانە بڕى نيوەى باجى نوێكردنەوەى گرێبەستەكە بدەن كە بڕەكەى 233 مليۆنە و نيوەكەى ترى لەماوەى پێنج ساڵى داهاتوودا دەيدەن بەبێ ئەوەى زيادە بچێتە سەرى، هەروەها لە بڕيارەكەدا ڕێپێدان بۆ نەوەى چوارەمى خزمەتگوزارى ئينتەرنێت دراوە بە كۆمپانياكان، ئەوەش لەكاتێكدايە كە پێويست بوو وەك پرۆژەيەكى وەبەرهێنانى نوێ پێشنيار بكرايە.

 

بڕيارەكەش لەكاتێكدايە كە ئەو كۆمپانيايانە تائێستا پابەندنەبوون بە پابەندبوونە هونەرى و ئيداريى و داراييەكانيانەوە لە نوێكردنەوەى مۆڵەتەكانيان لەساڵى 2007 ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مۆڵەتەكانيان بۆ نوێكراوەتەوە.

 

ئەو نوسەرە دەشڵێت، خێزانە سياسيەكانى خاوەن ئەو كۆمپانياى پەيوەنديانە پەستانێكى گەورەيان لەسەر سەرۆك وەزيران دروست كردووە بۆ نوێكردنەوەى مۆڵەتەكانيان، متمانەى تەواويشى بەوە هەيە كە پەرلەمان ئەو گرێبەستە هەڵدەوەشێنێتەوە، بەڵام زيانە گەورەكە ئەوەيە كە هيچ هيوايەك بۆ كۆتايیهێنان بە گەندەڵى نەماوە.

 

لەلايەكى ترەوە "حامد موسەوى" ئەندامى ليژنەى ئابورى و وەبەرهێنانى پەرلەمانى عێراق دەڵێت، بڕيارەكەى حكومەت لەلايەن گەل و پەرلەمانەوە ڕەتدەكرێتەوە، زياتر لە 100 واژۆى پەرلەمانتاران كۆكراوەتەوە بۆ ڕەتكردنەوەى بڕيارەكە، پێويستە ئەو بابەتە بخرێتە بەردەم ليژنە تايبەتەكانى پەرلەمان.

 

پێشى وايە، ئەوەى كە كازمى ڕوبەڕوى پەستان بووەتەوە بۆ نوێكردنەوەى مۆڵەگەى ئەو كۆمپانيايانە بيانوو نييە و چارەسەرەكە بنيادنانى كۆمپانيايەكى نيشتمانييە بۆ تۆڕەكانى مۆبايل ئەوەش لەگەڵ نوێكردنەوەى گرێبەستى ئەو كۆمپانيايانە هەموو چەند مانگ جارێك.

 

لەلايەكى ترەوە "نەعيم عەبودى" سەرۆكى ليژنەكە دەڵێت، مۆڵەتى پێشووى كۆمپانياكان ساڵى 2007 بوو كە 15 ساڵ درێژ بوويەوە كە پێويست بوو ساڵى دواى ئەوە كۆتايى بهاتايە، كۆمپانياى كۆڕەك تيليكۆم بۆ پەيوەنديەكان باج نادات بە حكومەتى عێراقى و لەڕووى ئەمنيشەوە هاوكار نييە لەگەڵيدا.

 

باس لەوەشدەكات، هەروەها كۆمپانياى ئاسياسێڵ 50% ى پشكەكانى هى كەسانى نا عێڕاقيين بەڵام وەك ئەوەى كە ناوخۆيى بێت باج دەدات و بەهۆى ئەوەشەوە 3% باج كەمتر دەدات لەوەى كە بەسەر كۆمپانيا بيانيەكان سەپێنراوە كە %18 يە، بەڵام كۆڕەك هيچ باجێك نادات.

 

عەبودى ئاماژە بەوەشدەكات، بڕى قەرز لەسەر ئاسياسێڵ 371 مليار دينارە و لەسەر كۆڕەك 375 مليۆن دۆلارە و زەين 182 مليار دينارە، واتە بڕى قەرز نزيك دەبێتەوە لە يەك مليار دۆلار و هەندێكيان هى ماوەى 10 ساڵى ڕابردوون.

 

هەروەها عەلاء ڕوبەيعى ئەندامى ليژنەى خزمەتگوزاريەكانى پەرلەمان ڕەخنە لە نوێكردنەوەى گڕێبەستى ئەو كۆمپانيايانە دەگرێت و دەشڵێت، چەندين ساڵە خزمەتگوزاريەكى خراپ پێشكەش دەكەن و نازانين بۆچى سورن لەسەر ئەوەى كە ئەو كۆمپانيايانە يارى بە پارەى عێڕاقيەكان بكەن كە خراپترين خزمەتگوزارييان لەسەر ئاستى ناوچەكە هەيە و سەرۆك وەزيران بەرپرسە لە نوێكردنەوەى مۆڵەتەكانيان.