ناس کورد-
ئەگەرچی لەڕیزبەندی وڵاتانی جیهاندا بۆ توشبووانی کۆرۆنا، مەکسیک لە ڕیزبەندی هەشتەمی جیهاندایە، بەڵام لە ژمارەی مردندا لە پلەی دووەمدایە لەدوای ئەمریکا، بەڕێژەش زۆرترین ڕێژەی مردنی تێدایە، بەشێوەیەک %11ی توشبووان لەو وڵاتە گیانیانلەدەستداوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
وڵاتی مەکسیک لە ئەمریکای باکور، تاوەکو ئێستا 299 هەزار و 750 حاڵەتی توشبوونی بە کۆرۆنا تۆمارکردووە و لەپلەی هەشتەمی وڵاتانی جیهاندایە و ژمارەکەش بەردەوام لە هەڵکشاندایە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە و جیاوازە لە وڵاتانی دیکە، لە مەکسیک ڕێژەی مردن ئێجگار بەرزە، بەشێوەیەک لەکۆی 299 هەزار و 750 توشبوو، زیاتر لە 35 هەزار کەسیان گیانیانلەدەستداوە کە دەکاتە ڕێژەی %11.
ئەوە لەکاتێکدایە، لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا کە زیاتر لە سێ ملیۆن و 500 هەزار توشبووی تێدایە، ڕێژەی مردن %4-ە، هەروەک لە ڕوسیاش کە ژمارەی توشبووان زیاترە لە 700 هەزار کەس، 11 هەزار و 335 کەسیان گیانیانلەدەستداوە، کە دەکاتە ڕێژەی %1.5.
هاوکات لە بەڕازیل، لەکۆی زیاتر لە ملیۆنێک و 800 هەزار توشبوو، 72 هەزار و 151 کەس گیانیانلەدەستداوە کە دەکاتە ڕێژەی %3.8، هەروەها چیلی یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ڕێژەی مردن بە ڤایرۆسەکە کەمە و لەکۆی زیاتر لە 315 هەزار توشبوو، شەش هەزار و 979 توشبوو گیانیانلەدەستداوە کە دەکاتە ڕێژەی %2.
هەرچی تایبەتە بە هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا نۆ هەزار و 445 حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش 326 کەسیان گیانیانلەدەستداوە کە دەکاتە ڕێژەی %3.