گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سزاى سوكايەتيكردن بە سەرۆككۆمار چييە؟

ئەو كەسەى سوكايەتى بە سەرۆككۆمار كردبوو فەرمانى دەستگيركردنى بۆ دەركرا [بەڵگە]

2020.07.12 - 22:47
ئەو كەسەى سوكايەتى بە سەرۆككۆمار كردبوو فەرمانى دەستگيركردنى بۆ دەركرا [بەڵگە]

ناس کورد- 

دادگاى عێراق فەرمانى دەستگيركردنى بۆ بەڕێوەبەرێكى گشتى پێشوى وەزارەتى كارەبا دەركرد، ئەويش بە تۆمەتى سوكايەتيكردن بە سەرۆككۆمار.

 

محەمەد فەوزى زەيدى بەڕێوەبەرى گشتى پێشوو لە وەزارەتى كارەبا لە گرتەيەكى ڤيديۆييدا دەركەوێت و بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆمارى عێراق بە وەرگرتنى بەرتيل تۆمەتبار دەكات.

 

زەيدى بەڕێوەبەرى گشتى پرۆژەكانى بەرهەمهێنان بوە لە وەزارەتى كارەبا و تۆمەتى ئەوەى خستوەتە پاڵ بەرهەم ساڵح كە بڕى 70 مليۆن دۆلارى لە كۆمپانيايەكى چينى وەك بەرتيل وەرگرتوە، ئەويش لەبەرامبەر واژۆكردنى گرێبەستى وێستگەى كارەبا لە كوت، هەروەها تۆمەتبارى كردبوو بەوەى كە گرێبەستێكى ترى تێكداوە.

 

ئەو بەڕێوەبەرە گشتيەى پێشوو لە وەزارەتى كارەبا، داواشى لە سەرۆككۆمار كردبوو كە قەبارەى خۆى بزانێت هەروەها تۆمەتى ئەوەشى خستبوە پاڵ كە هەڕەشەى لێكردوە، ئەو تۆمەتانەى لە گرتەيەكى ڤيديۆييدا ئاراستەى سەرۆككۆمار كردبوو كە لە تۆڕە كۆمەڵايەتيەكان بڵاوكراوەتەوە.

 

محەمەد زەيدى باسى لەوەشكردبوو، ئەوەش كاتێك ڕويداوە كە بەرهەم ساڵح پۆستى جێگرى سەرۆك وەزيرانى عێراقى هەبووە، ئەمە جگە لەوەى لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا زەیدى وتەى نەشیاوى بەرامبەر بە سەرۆککۆمار بەکارهێنابوو. 

بەرهەم ساڵح سەرۆككۆمارى ئێستا لە ساڵى 2006 ەوە تا ساڵى 2009 لە كاتى يەكەم كابينەى نورى مالكى سەرۆكوەزيرانى ئەو كاتە جێگرى سەرۆكوەزيران بوە.

 

ڕۆژى (سێشەممە)ى ڕابردوش سەرۆكايەتى كۆمار ئاشكرايكرد، سكاڵاى ياسايى لەسەر محەمەد فەوزى زەيدى تۆمار كردوە، چونكە تۆمەتەكان هەڵبەستراون.

 

بەپێى مادەى 225 ى ياساى سزادانى عێراقى هەركەس سوكايەتى بە سەرۆككۆمار بكات، سزاكەى زيندانى هەميشەيى و دەستگرتنە بەسەر موڵك و ماڵيدا.