گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سۆران عومەر چى دەڵێت لەبارەی بڕیارى دەستگیرکردنەکەى؟ 

2020.07.12 - 21:10
سۆران عومەر چى دەڵێت لەبارەی بڕیارى دەستگیرکردنەکەى؟ 

ناس کورد-

دادگاى لێکۆڵینەوەى هەولێر بڕیارى دەستگیرکردنى بۆ سۆران عومەر ئەندامى پەرلەمانى کوردستان دەرکرد، لەسەر سکاڵایەک کە لە پۆلیسى خانەقا لەسەرى تۆمارکراوە.

 

بەپێی نوسراوێکى دادگا کە بەروارى ئەمڕۆى لەسەرە، داوا لە هێزەکانى پۆلیس کراوە لەهەر شوێنێک سۆران عومەریان بینى دەستگیرى بکەن و بیدەن بە دادگا، چونکە سکاڵاى لەسەر تۆمارکراوە.

 

سۆران عومەر بڕیارى دەستگیرکردنى بە "شانۆگەرى پارتى" ناوبرد و بە ناس کوردى ڕاگەیاند "بڕیارەکەم لەڕاگەیاندنەکانەوە بینیوە".

 

وتیشى "بەپێی بڕیارەکەى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان من هێشتا خاوەنى پارێزبەندى یاساییم".

 

دەرکردنى بڕیارى دەستگیرکردن بۆ سۆران عومەر دواى زیاتر لە 10 رۆژدێت لە نوسراوێکى دیوانى پەرلەمانى کوردستان کە تێیدا سۆران عومەرى ئاگادارکردبوەوە لەبەردەم دادگا ئامادەبێت وەکو تۆمەتبار تا لێکۆڵینەوەى لەگەڵدا بکرێت لەدۆسیەیەکدا بەپێی یاساى سزادان.

 

ڕۆژی 14 حوزەیرانی ڕابردوو رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە بڕیارێك پارێزبەندی بۆ سۆران عومەر گەڕاندەوە، دوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی کە لەدانیشتنی 7ی ئایاری مانگی ڕابردووی پەرلەماندا کە بەدەنگى فراکسیۆنى پارتى و پێکهاتەکان پەسەندکرا.

 

دواى دەرکردنى بریارەکە سەرۆكی پەرلەمان ڕەوانەی ڕۆژنامەی وەقایعى فەرمى کرد، لەلایەن وەزارەتى دادەوە دەردەکرێت و تایبەت بە بڵاوکردنەوەى بڕیار و نوسراوە فەرمییەکانى دام و دەزگاکانى هەرێم، بۆ ئەوەى بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.  

  

بەڵام فرسەت ئەحمەد، وەزیرى داد ڕەتیکردەوە بڕیارەکەى سەرۆکى پەرلەمان بڵاوبکەنەوە لەو ڕۆژنامەیەدا و لە نوسراوێکدا جەختیکردەوە کە بڕیارەکە بە "نەبوو" دادەنرێت و بۆ بڵاوکردنەوە ناشێت لەو رۆژنامەیەکدا، چونکە بڕیارەکەى سەرۆکى پەرلەمان پێچەوانەى رێساى گشتى پلەبەندى یاسایی دەرچووە، ئەوەش بڕیارەکەى بەجێبەجێنەکراوى هێشتەوە.  

 

لەئێستادا چارەنوسى بریارەکە بە نادیارى ماوەتەوە، بەهۆى بڵاونەکردنەوەیەوە لە رۆژنامەى وەقایع، دیاریش نییە سەرۆکى پەرلەمان چ رێکارێکى دیکە دەگرێتە بەر بۆ ئەوەى بڕیارەکەى جێبەجێ بکات.