گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

گەرمەسێر؛ پێشمەرگە هۆشدارى دەداتە هێزە عێراقییەکان و داواى کشانەوەیان لێدەکات

2020.07.12 - 18:50
گەرمەسێر؛ پێشمەرگە هۆشدارى دەداتە هێزە عێراقییەکان و داواى  کشانەوەیان لێدەکات

ناس کورد- ئاراز محەمەد

لەمیحوەرى گەرمەسێر هێزەکانى پێشمەرگە گلەییان لە هێزە عێراقییەکان هەیە و ئاماژە بەوە دەکەن بەگوێرەى ئەو هەماهەنگییەى کە وەزارەتى پێشمەرگە و وەزارەتى بەرگرى بۆ ئەنجامدانى ئۆپڕاسیۆنى هاوبەش لەسەرى ڕێککەوتوون مامەڵە ناکەن و سەربەخۆ جموجۆڵ دەکەن و هۆشداریش دەدەن کە ئەگەر نەکشێنەوە رووبەڕوویان دەبنەوە.

 

سەرچاوەیەک لەناو هێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەرەکە بە ناس کوردى راگەیاند "بڕیار بوو لەگەڵ هێزە عێراقیەکان پێکەوە ئۆپراسیۆنێک ئەنجام بدەین ، بەڵام ئەوان بە بێ ئێمە ئۆپراسیۆنەکەیان ئەنجامدا و ئەوەش نیگەرانى کردین".

 

وتیشی"هێزە عێراقییەکان لەچەند شوێنێک هاتونەتە سنوری پێشمەرگەوە".

 

ئەو سەرچاوەیەى ناو هێزەکانى پێشمەرگە لە میحوەرەکە گومانى خۆى نەشاردەوە لەوەى ئەو هێزە عێراقییە رەنگە بیانەوێت بێنە هەندێک شوێنى هێزەکانى پێشمەرگە کە بەوتەى ئەو ماوەیەکى زۆرە چاویان لەسەرێتى.

 

هۆشدارى ئەوەشیدا هێزى پێشمەرگە لە سنورەکە لەئامادەباشیدایە و ئەگەر نەگەڕێنەوە ئەوە روبەڕویان دەبنەوە.

 

ئەمیندارى گشتى وەزارەتى پێشمەرگە ئاگاداربوونى وەزارەتەکەى دووپاتکردەوە لە جموجۆڵى هێزە عێراقییەکە لەو سنورە و بوونى پەیوەندى لەنێوان وەزارەت و بەرپرسەکانى ئەو هێزانە.

 

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتى وەزارەتی پێشمەرگە بە ناس کوردى وت" ەنها بۆ ئۆپراسیۆنێک هاتوون و دەگەڕێنەوە، تائێستاش لەسنوری خۆیانن".

 

سەبارەت بەهەماهەنگی وەزارەتى پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان، یاوەر رونیکردەوە" هەفتەی پێشوو دانیشتمان هەبوەو بریارە  لەم ماوەیەشدا لیژنەی وەزارەتی بەرگرى عێراق سەردانى هەولێر بکەن و دوبارە قسە لەسەر ئەو بابەتانە بکەینەوە " .

 

ناس کورد زانیوویەتى هەفتەى رابردوو لیژنەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە و لیژنەیەک لەوەزارەتی بەرگرى عێراق کۆبونەتەوە و بریاردراوە بنکەی هەماهەنگی لەسنوری دیالەو کەرکوک دروستبکەن .