گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دەنگۆى كوشتنى دوو خۆپيشاندەر هەيە

عێراق؛ پێکدادان لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروست بوو [ڤیدیۆ]

2020.07.12 - 16:44
عێراق؛ پێکدادان لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروست بوو [ڤیدیۆ]

ناس کورد- 

خۆپيشاندەرانى رەفحا ئاماژە بەوەدەدەن، لەكاتى بڵاوەپێكردنيان لەلايەن هێزە ئەمنيەكانەوە دوو خۆپيشاندەر كوژراون و نزيكەى 20 خۆپيشاندەرى تريش بريندار بوون.

 

ماڵپەڕى "الحرة" لەزارى خۆپيشاندەرانەوە بڵاويكردوەتەوە، هێزە ئەمنيەكان پەلامارى خۆپيشاندەرانى رەفحايان داوە كە بۆ داواكردنى موچەكانيان خۆپيشاندانيان ئەنجامداوە و بەهۆى ئەوەشەوە دوو خۆپيشاندەر كوژراون هەروەها نزيكەى 20ى تر بريندار بوون، 15ى تريش دەستگيركراون.

 

ئەمڕۆ (یەکشەممە) خۆپيشاندەرانى رەفحا چەندين شەقاميان داخست كە دەچنەوە ناو شارى بەغدا و لەلايەن هێزە ئەمنيەكانيشەوە رێگريان لێكرا بچنە ناو شارەكەوە، لاى خۆشيەوە كۆمسيۆنى باڵاى مافەكانى مرۆڤى عێراقى سەرکۆنەى رێگەگرتنەكەى كرد.

 

بەپێى گرتە ڤيديۆييەكان، پێكدادان لەنێوان خۆپيشاندەران و هێزە ئەمنيەكان ڕوويداوە بەڵام هيچ لايەنێكى فەرمى جەختى نەكردوەتەوە كە كوژراو و بريندار هەبێت.

 

چالاكوانانى تۆڕە كۆمەڵايەتيەكان باس لەوە دەكەن، بەهۆى گرتنى شەقامەكانەوە شەڕە قسە و بەرد لەنێوان خۆپيشاندەران و هەندێك لە شۆفێرەكاندا ڕوويداوە، ئەوەش بەهۆى ئەوەى لەو گەرمايەدا ڕێگەكانيان داخستوە.

 

خۆپيشاندەرانى رەفحا ئەوانەن كە حكومەت موچەكانيانى راگرتوە كە بە نازناوەكانى زيندانى سياسى و دەستگيركراوانى رەفحا و چەندين نازناوى ترەوە چەندين ساڵە بۆيان خەرجكراوە و زۆرينەيان موچەيەكى تريشيان لە حكومەت هەيە و لەئێستادا داواى گەڕانەوەى موچە بڕاوەكانيان دەكەن.

 

 

بڕينى موچەى رەفحا لە چوارچێوەى چاكسازيە داراييەكانى مستەفا كازمييە بەتايبەتى لە ئێستادا كە قەيرانێكى دارايى قوڵ بەهۆى دابەزينى نرخى نەوتى خاوەوە ڕووى لە عێراق كردوە و تەنانەت مەترسى لەسەر موچەخۆرانى فەرمى دەوڵەت دروستبووە.