گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کۆرۆنا چەندین لێکەوتە و مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی دیکەش بەهۆیەوە هەیە

2020.07.12 - 15:05
کۆرۆنا چەندین لێکەوتە و مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی دیکەش بەهۆیەوە هەیە

ناس کورد-

دامەزراوەیەکی مرۆیی جیهانی، هۆشداریدا لە پەرەسەندنی مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی دیکە بەهۆی خراپ بەکارهێنان وکەڵەکەبوونی پاشماوەی کەرەستەکانی خۆپارێزی لەپەتای کۆرۆنا، هاوکات کاریگەریە زیانبەخشەکانیشی لەسەر ژینگە خستوەتەڕوو.

 

بەگوێرەی ڕۆژنامەی "دەیلی میل"ی بەریتانی، دامەزراوەی (تێمز21) کە تایبەتە بەکاری خێرخوازی و پاراستنی ژینگە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا ئاماژەی بە مەترسی ئامرازەکانی خۆپارێزی کەسێتی (PPE) لە ڤایرۆسی کۆرۆنا کردوە بۆسەر تەندروستی و سەلامەتی ژینگە.

 

دامەزراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە: "سەرباری گیرۆدەبوونی جیهان بەڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێستادا مەترسییەکی تر هاتووەتە ئاراوە، بە تایبەتی پاش لابردنی ڕێکارەکانی قەدەغەی گشتی لە جیهاندا کە ئەگەری هەیە بەرۆکی دانیشتوانی سەر زەوی بگرێتەوە، ئەویش کەڵەکەبوونی پاشماوەی دەمامک، دەستەوانە و ئامرازەکانی دیکەی خۆ پارێزیە".

 

ئەو دامەزراوە مرۆییە نیگەرانی خۆی نیشانداوە لەخراپ مامەڵکردنی خەڵکی جیهان لەگەڵ ئەو پاشماوە پیسبووانە، بەجۆرێک لە دوای ئاساییکردنەوەی ژیان لەزۆربەی وڵاتانی جیهان مرۆڤەکان دەمامک و دەستوانەکانیان لەسەر شەقامەکان و شۆستەکاندا فڕێدەدەن، ئەوەش کە ئێستا بۆخۆی بووەتە هەڕەشەیەکی مەترسیدار بۆ سەر تەندروستی گشتی و پاکوخاوێنی ژینگە".

 

دامەزارەوەی "تێمز21"ی بەریتانی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کەرستانەی کە تەنها بۆ یەکجار بەکاردەهێنرێن بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا وەک (دەمامک)  پێکهاتەکەی لە ماددەی ( پۆلی پڕۆپلین) دروستکراوە، دوای فڕێدانی بە شێوەیەکی ناتەندروست لە سەرنوێلەکان، شەقامەکان و نزیک لە دەریاچە و ڕووبارەکان دەبێتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، ئەگەری زۆریشی هەیە ماسی و باڵندەکان و ڕووەکەکان بەهۆیە ببن بە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ترسناک.

 هەڵوەرینی بایەڵۆژی

هەرلەوبارەیەوە زانایانی زانکۆی "لەندەن کۆڵیژ"ی بەریتانی، داوایانکردووە بۆ ڕزگاربوون لەو کێشەیە، باشتر وایە بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەو کەرەستانە بکاربهێنرێن کە چەند جارێک دەتوانرێت دووبارە بەکاربهێنرێنەوە، بۆیە داوادەکەن ئەوماسک و دەمامکانەی کە لە قوماش دروستکراون و دەتوانرێت بۆ چەند جارێک بشۆردرێت و پاکژبکرێتەوە بەکاربهێنرێت. 

 

جەختیشیانکردووەتەوە، ئەو کارە باشترین ڕێگایە لە بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و کەڵەکەبوونی پاشماوەی زیانبەخش.

ڕزگاربوون لە پاشماوە زیانبەخشەکان بە شێوەیەکی تەندروست

زانایانی زانکۆی" کالیفۆرنا"ی لە ئەمریکا لەو بارەیەوە جەختدەکەنەوە: "نابێت بە هیچ شێوەیەک کەرەستە و ئامرازی خۆپاراستنی کەسێتی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا فرێبدرێنە ناو ئەو سەرنوێل و زبڵدانانەی کە تەرخانکراون بۆ خاشاکی ئاسایی، چونکە ئەو جۆرە پاشماوانە دەبنە هۆکاری بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە بەتایبەتی هۆکاری توشبوونی کارمەندانی فەرمانگەکانی پاکۆخاوێنی شارەوانیەکان بەنەخۆشییەکە".

 

زانایانی زانکۆ ئەمریکییە داواشیانکردووە، بۆ لەناوبردنی پاشماوەکانی  تایبەت بەکەرەستەکانی خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا، ئەو کەرەستانە بسوتێنرێن و سوتێنەری تایبەت هاوشێوەی نەخۆشخانەکان لە دەوروبەری شارەکاندا دروست بکرێت.