گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سبەینێ چارەسەرە ڕووسیەکەی کۆرۆنا دەگاتە هەرێمی کوردستان و بەکاردەهێنرێت

2020.07.12 - 14:41
سبەینێ چارەسەرە ڕووسیەکەی کۆرۆنا دەگاتە هەرێمی کوردستان و بەکاردەهێنرێت

ناس کورد-

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ڕایگەیاند، بڕیارە سبەینێ چارەسەرە ڕوسییەکەی کۆرۆنا بگاتە هەرێمی کوردستان و لەم هەفتەیەدا بۆ نەخۆشخان بەکاربهێندرێت، هۆشداریشدەدات لەوەی، هیچ کەس بەبێ ڕێنمایی پزیشکی پسپۆڕ بەکارینەهێنێت، چونکە مەترسی گەورە دروستدەکات.

 

ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی تەموزی 2020، د. محەمەد قادر خۆشناو، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "بڕیارە سبەینێ دووشەممە پشکی هەرێمی کوردستان لەو دەرمانە ڕوسییەی عێراق کڕیویەتی، بگاتە هەرێمی کوردستان."

 

وتیشی، تاوەکو ئێستا نازانن بڕەکەی چەندە، بەڵام بەگوێرە پێویستیی پارێزگاکان دابیندەکراوە و هەر پارێزگایەک لەو بڕەی پێویستییەتی بۆی دەنێردرێت.

 

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەشكرد: "بەئەگەرێکی زۆر هەر لەم هەفتەیەدا دەست بە بەکارهێنانی دەرمانەکە دەکرێت بۆ ئەو توشبووانەی پێویستییانە و چاودێری دەکرێن بۆ زانینی دەرەنجامەکانی دەرمانەکە."

 

باسی لەوەشکرد: "جگە لە لایەنی فەرمی کە وەزارەتی تەندروستییە، کۆمپانیایەکیش دەرمانەکەی هێناوە، بەڵام پێویستە هیچ کەس بەبێ ڕەچەتەی پزیشکی بەکارینەهێنێت، چونکە دەرمانێکی مەترسیدارە و ئەگەر بە هەڕەمەکی بەکاربهێنرێت، کاریگەری خراپ لەسەر گورچیلە دروستدەکات."

 

جەختیشیکردەوە: "پێویستە هاووڵاتیان ئاگاداربن، چونکە بەکارهێنانی ئەو دەرمانە بەبێ ڕێنمایی پزیشک ڕەنگە زیانەکانی زۆر لە سودەکانی زیاتربێت."