ناس کورد-
سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە کەوتنی موسڵ بەدەستی ڕێکخراوی داعش ئاشکرایکرد، لیکۆڵینەوەکان کۆتاییان هاتووە و دۆسییەکە لە بەردەم دادگایە، دەشڵێت، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانیش ڕێگری لە ئاشکراکردنی ئەنجامەکانی کردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
حاکم زاملی کە سەرۆکی لیژنەکەیە بە میدیاکانی عێراقی ڕایگەیاند: "دوای تێپەڕبوونی چەند ساڵێک بەسەر تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان دەربارەی کەوتنی موسڵ بەڵام تائێستا دۆسێیەکە لە دادگادایە".
زاملی ئاماژەی بەوەکردووە: "لە کاتی تەواوبوونی لێکۆڵێنەوەکان داواکرابوو ئەنجامەکانی ئاشکرابکرێن و بخرێنە بەردەم پەرلەمانی عێراق، بەڵام سەلیم جبوری، سەرۆکی خولی پێشووی پەرلەمان ڕێگری لەوەکردووە و داوایکردووە دۆسێیەکە ڕاستەوخۆ ئاڕاستەی دادگا بکرێت بەبێ ئەوەی هیچ ئەنجامێکی بۆ پەرلەمان ئاشکرابکرێت".
زاملی ئەوەشی خستوەتەڕوو: "لێکۆڵینەوەکان دەربارەی کەوتنی شاری موسڵ لە ئێستادا بە گرنگترین دۆسییەکانی لێکۆڵینەوە دادەنرێن لە عێراقدا و ئاکامەکانیشی بەچڕی لەلایەن زانکۆی سەربازی عێراقەوە دەخۆێنرێت".
سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە کەوتنی موسڵ ئاماژەی بەوەشکردووە: "لە ئاکامی لێکۆڵینەوەکاندا لایەنی پەیوەندیدار بە لێکۆلینەوەکان لێپێچینەوەی لەگەڵ نزیکەی 100 ئەفسەری سوپای عێراقدا کردووە".
زاملی ئاماژەی بەوەشکردووە، دۆسییەی لێکۆڵینەوەکە لە ئێستادا لەبەردەم ئەنجومەنی باڵای دادوەری و داواکاریی گشتیی عێراقدایە.
ڕۆژی 10ی حوزیرانی 2014، شاری موسڵ لەلایەن ڕێکخراوی داعش کۆنترۆڵکرا، دوای سێ ساڵ لە کۆنتڕۆڵکردنی لە 10ی تەموزی 2017 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە کۆنتڕۆڵکرایەوە.