کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد-
.
سێ کۆڵبەر لە بەرزاییەکانی شاری پیرانشاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەرمادا ڕەقبوونەتەوە و گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش بە وتەی ڕێکخراوێکی بواری مافی مرۆڤ.
.
ئەمڕۆ ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، کە لە ئێوارەی سێشەممەی ڕابردوودا، کاروانێکی کۆڵبەران، لە بەرزاییەکانی ”کانی خوا“ی پیرانشار لە سەرما رەقیان بردووەتەوە گیانیان لەدەستداوە.
.
ڕێکخراوەکە ناسنامەی ئەو سێ کۆڵبەرەی ئاشکرا کردووە کە خەڵکی ئاواییەکانی کانی ئەشكەوتی پیرانشار، موساڵانی سەرەدشت و شیناوێی پیرانشارن.
.
تەرمی ئەو سێ کۆڵبەرە بۆ نەخۆشخانەی شاری پیرانشار گوازراوەتەوە، هاوکات خەڵک توانیان دوو کۆڵبەری دیکە رزگار بکەن و ئێستا لە ژێر چاودێریی پزیشکیدان.
.
خەڵکانێکی زۆری رۆژهەڵاتی کوردستان کە نیشتەجێی ناوچەکانی سەر سنورن لە گەنج و پیر کاری کۆڵبەری دەکەن و بەشێوەیەکی زۆر زەحمەت بژێوی ژیانیان پەیدا دەکەن، هۆکاری کارکردنیان بەو جۆرە دەگەڕێننەوە بۆ بێکاری و خراپی باری دارایی، بەپێی ئامارە نافەرمییەکانیش نزیکەی سێ هەزار کەس لە سنوری نێوان رۆژهەڵات و باشوری کوردستان کاری کۆڵبەری دەکەن و چەندین کەلوپەلی قورس کە توانای هەڵگرتنی زۆر زەحمەتە لە سنورەکان بە کۆڵ دەگوازنەوە.
.
جگە لە ترس لە گولەی پاسەوانانی سەر سنور، چەندین مەترسی دیکە لەسەر گیانی کۆڵبەرەکان هەیە، وەک ڕۆشتن بەو ڕێگایانەدا کە لە کاتی جەنگی 8 ساڵەی عیراق و ئێران مینڕێژکراون و تائێستاش بەتەواوی پاک نەکراونەتەوە، هەروەها لە وەرزی زستاندا بەهۆی سەرما و بەستەڵەکی زۆرەوە تا ئێستا چەندین کۆڵبەر ڕەقبوونەتەوە.
.
بەپێی نوێترین ئاماری ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە (20/3/2018) تا (20/3/2019)، کوژرانی کۆڵبەران بەراورد بە ساڵەکانی ڕابردوو بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە بە جۆرێک لەو بەروارەدا 49 کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە، کە لە ساڵی 2017دا46 کۆڵبەر گیانیان لەدەستدابوو.
.
.