گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەکەکە کوژرانى 10 سەربازى تورکیاى لە چوار هێرشدا ڕاگەیاند

2020.07.10 - 18:28
پەکەکە کوژرانى 10 سەربازى تورکیاى لە چوار هێرشدا ڕاگەیاند

ناس کورد-

 

پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) کوشتنى 10 سەربازى سوپاى تورکیاى ڕاگەیاند، لە چوار هێرشى گەریلادا لە سنورى حەفتانین سەر بە پارێزگاى دهۆک.

 

هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) باڵى سەربازى پەکەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هێرشى هێزەکانیان لەدژی تورکیا  لە هەرێمی حەفتانین بەردەوامە. رۆژى هەشتى تەموز هێزەکانیان لە گردی شەهید جوودی لە دەڤەری شەشدارا لەدژی سوپاى تورکیا چالاکیان بە قەناس ئەنجامداوەو بەهۆیەوە سەربازێک کوژراوە.

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، هەروەها رۆژى ٩ی تەموز هێزەکانیان چالاکیان لەدژی سەربازانی تورکیا لەسەر گردی شەهید جوودیی شەشدارا ئەنجامدا کە تێیدا ٢ سەنگەر بە تەواوی لەناوبران و ٨ سەرباز کوژران و ٢ سەربازیش برینداربوون. 

 

بەپێی بەیاننامەکە، هەمان رۆژ هێزەکانیان لە دەڤەری گردی تونێلی سەر بە شەشدارا چالاکییان بە قەناسیان ئەنجامداوە و سەربازێک کوژراوە.

 

هەپەگە باسى لەوەشکردووە، هێزەکانیان لە٩ی تەموز  لەدژی سەربازانی تورکیا لە گردی شەهید باگەری سەر بە ناوچەی چەلێی جۆلەمیرگ چالاکیان ئەنجامداوە و بە بەهێزی لە بارەگا و سەنگەری تورکیا دراوە، بەڵام زانیاری لەسەر کوژراو و بریندارەکان نەزانراوە.

 

پێکدادانەکانى نێوان سوپاى تورکیا و پەکەکە لە ناوەڕاستى مانگى ڕابردووەوە پێیانناوەتە قۆناغێکى نوێوە، دواى ئەوەى سوپاى تورکیا ئۆپراسیۆنێکى بەرفراوانى زەمینى و ئاسمانى لەسنورى پارێزگاى دهۆک دژى پەکەکە دەستپێکرد.  

  

تورکیا 37 خاڵى نوێی سەربازى لەو سنورە دروستکردووە، سەرەڕاى ناڕەزایی بەغدا لەبارەى بەزاندنى خاکى ئەو وڵاتەوە لەلایەن تورکیاوە.  

  

حامى ئاکسۆى وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى تورکیا هەفتەى ڕابردوو جەختیکردەوە کە وڵاتەکەى پاشەکشە ناکات و بەردەوام دەبێت لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەى.  

  

ئاماژەى بەوەشکردبوو، تورکیا ئامادەیە سەرجەم رێوشوێنە پێویستییەکان بگرێتە بەر بۆ بەرگریکردن لەخۆى دژى پەکەکە، ئەنقەرە لەکاتێکى گونجاودا رونکردنەوەى پێویست دەداتە بەغدا لەبارەى ئۆپراسیۆنەکەیەوە.