ناس کورد-
زیاتر لە 2500 دەروێش و شوێنکەوتووی شێخ محەمەدی کەسنەزانی دەروازەی سنوری باشماخیان شکاند و بەرەو سلێمانی بەڕێککەوتن، بەرپرسی دەروازەکەش دەڵێت، هەرچەندە لەلایەن سەربازانی ئێرانییەوە چەند کەسێکیان کوژراون و بریندارکراون، بەڵام نەتوانراوە ڕێگرییان لێبکرێت و ئێستا بەرەو سلێمانی بەڕێکەوتوون.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لیوا مەریوان کەمال، بەرپرسی دەروازەی سنوری باشماخ بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ژمارەیەک دەروێش و شوێنکەوتووی شێخ محەمەد کەسنەزانی کە کۆچی دوایی کرد لەئێرانەوە ویستویان بەرەو سلێمانی بێن کە ژمارەیان 2500 کەس دەبێت."
وتیشی: "بەهۆی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆناوە ڕێگەیان پێنەدراوە، بۆیە ئەوانیش بە شمێر و خەنجەرەوە ویستوویانە بەزۆر لە سنورەکە تێپەڕن، بەوهۆیەوە لەدیوی ئیران لەلایەن سەربازانی ئێرانییەوە تەقەیان لێکراوە و لە ئەنجامدا بەگوێرەی زانیارییەکانم چوار کەس لە دەروێشەکان کوژراون و برینداربوون، بەڵام هیچ سەربازێکی ئێرانی نەکوژراوە."
بەرپرسی دەروازەی سنوری باشماخ ئاماژەی بەوەشكرد: "ئێمە چەند کارمەند و پۆلیسێکمان هەیە لە دەروازەکە و پێشتر ئاگادرنەکرابووینەوە لە حاڵەتێکی وا، بۆیە نەمانتوانی ڕێگری بکەین و لە کۆنتڕۆڵی ئیمە دەرچوو، ئێستا بەرەو سلێمانی بەڕێکەوتوون."
دەرباری ئەگەری ڕوودانەوەی حاڵەتی لەوشێوەیە و هاتنی دەروێشی دیکە، بەرپرسی دەروازەی سنوری باشماخ باسی لەوەکرد: "گفتوگۆم لەگەڵ بەرپرسانی سنوریی ئێران کردووە و پێیان وتم کە دۆخەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە و ڕووداوی لەوشێوەیە ڕووناداتەوە. "