گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئاسایشى هەولێر ’مام فەرخە’ى دەستگیرکرد ..کوڕەکەى بۆ ناس کورد دەدوێت

2020.07.09 - 14:17
ئاسایشى هەولێر ’مام فەرخە’ى دەستگیرکرد ..کوڕەکەى بۆ ناس کورد دەدوێت

ناس کورد-شڤان هەرکى

ئەمیرخان ھەرکی ئەو ھاووڵاتییەی لە خۆپیشاندانی جوتیارانی پارێزگای ھەولێر بەشداری کرد و قسەکانی لەبەشێک لە میدیاکان کاردانەوەی لێکەوتەوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نازناوی مام فەرخەی ھەولێری پێدرا، ماوەی دوو ڕۆژە لەسەر وتەکانی لە ئاسایشی ھەولێر ،دەستگیر کراوە.

 

محەمەد کوڕی ئەمیرخان ھەرکی بە ناس کوردی ڕاگەیاند، لە دوێنێوە باوکی لەلایەن ئاسایشەوە بانگکراوە و تا ئێستا ئازاد نەکراوە.

 

‎ئەمیرخان ھەرکی خەڵکی گوندی گردەڕەشەیە لە قەزای خەبات لە سنووری پارێزگای ھەولێر، ئەمساڵ بەھۆی داخستنی سنوورەکان و پەتای کۆرۆنا جوتیاران گەورەترین کێشەیان ساخکردنەوەی بەرھەمەکانییانە، بۆیە ئەمیرخان ھەرکی دژی ئەوەی بەرھەمی تەماتەی ئەمساڵی بۆ ساخ نەدەبۆوە بەشداری خۆپیشاندانی جوتیارانی عەلوەی ھەولێری کرد و بۆ ماوەی زیاتر لە حەوت کاتژمێر ڕێگای سەرەکی ھەولێر - موسڵییان داخست.