گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عێراق لە بلاک لیستى یەکێتى ئەوروپادا.. لێکەوتەکانى چى دەبن؟ 

2020.07.08 - 23:19
عێراق لە بلاک لیستى یەکێتى ئەوروپادا.. لێکەوتەکانى چى دەبن؟ 

ناس کورد-

وەزیری دەرەوەی عێراق، لە نامەیەکدا بۆ کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا نیگەرانی خۆی نیشاندا لە خستنی وڵاتەکەی بۆ ناو ئەو لیستەی کە تایبەتە بە مەترسیدارترین ئەو وڵاتانەی کە تۆمەتبارن بە پارەسپیکردنەوە و پارەخەرجکردن بۆ تیرۆریزم.  

 

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ (چوارشەممە)، لە نامەیەکدا بۆ کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا جەختی لە هەوڵی بەردەوامی وڵاتەکەی کردە بۆ جێبەجێکردنی مەرج و ڕێکارەکانی کۆمسیۆنەکە، تاوەکو لە لیستی مەترسیدارترین وڵاتەکانی پارەسپیکردنەوە و پارە خەرجکردن بۆ تیرۆریزم دەری بکەن. 

 

کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا، عێراقی خستە پاڵ ئەو وڵاتانەی کە تۆمەتبارن بە سپیکردنەوەی پارە و وتەمویلکردنی تیرۆرو بە مەترسییەکی گەورەی ناوبردوون بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی ئەوروپا، لیستە ڕەشەکەی کومسیۆنی یەکێتی ئەوروپا پێکهاتووە لە وڵاتانی( ئەفغانستان، پاکستان،سوریا، یەمەن، ئێران و کۆریای باکور).

 

 وەزیری دەرەوی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە "عێراق بەرەوپێشچوونێکی گەورەی لە ساڵی 2019 بەخۆوە بینیوە، کە وای کرد لە لیستی جیهانیی FATF دەربهێنرێت، کە تایبەتە بەو وڵاتانەی کەموکورتی ستراتیجییان هەیە لە کاری بەرەنگاربوونەوەی پارەسپیکردنەوە و پارەخەرجکردن بۆ تیرۆریزم".

 

جەختی لەوەشکردووەتەوە، "عێراق چەندین ڕێکاری گرتووەتە بەر بۆ گەشەپێدانی چوارچێوەی کارە یاساییەکانی؛ کە بووەتە هۆی پەرەپێدانی هاریکارییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکە، هەروەها لەنزیکیشەوە کاری لەگەڵ لیژنەی تایبەتی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا کردووە".

 

پێداگری لەوە شکردووە " لە دوو ساڵی ڕابردوودا دەسەڵاتدارە پەیوەندیدارەکانمان لە نزیکەوە کاریان دەکرد بۆ دابینکردنی زانیاریی  گرنگ و پەیوەست لەڕێی کەناڵە فەرمییەکانەوە بە کۆمسیۆنەکە گەیاندووە، لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی پارەسپیکردنەوە پارە تەرخانکردن بۆ تیرۆر".



بەگوێرەی شارەزایان، هەنگاوەکەی کۆمسیۆنی وڵاتانی ئەوروپا عێراقی دوچاری ئاستنەگیەکی زۆر دەکاتەوە لە مامەڵە داراییەکان، بەجۆرێک لەمپەڕی گەورە دەخاتە بەردەم کاری وەبەرهێنانی دەرەکی وناوخۆیی لەعێراقدا.

 

سەلام ڕوبەیعی، شارەزای ئابوری عێراقی، لەو باریەوە بە ماڵپەڕەی "حوڕەی" ئەمریکی وتووە، "سپیکردنەوەی پارە و تەمویلکردنی تیرۆر بابەتێکی هەستیارە بۆ سیستمی دارایی جیهان، سەپاندنی کۆت بەسەر عێراقدا دەبێتە هۆکاری دروستکردنی ئاڵنگارییەکی زۆر بۆ هاتنی پارە و بەرەوپێشچوونی وەبەرهێنان".

 

هاوکات حەسەن ئەسەدی، شارەزایەکی ئابوری دیکەی عێراق دەڵێت : " بڕیارەکەی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا نرخی گواستەوەی پارە بۆ عێراق  زیاد دەکات ڕێگریش دەبێت بەرانبەر کاری ئەو کۆمپانیانەی کە دەیانەوێت لەعێراقدا کاربکەن".

 

ئەسەدی ئاماژەی بەوەکردوە، "مەزادی دراو لە عێراق هۆکارێکی دیکەی سەپاندنی کۆتەکانی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپایە، چونکە ئەو بانکانەی کە بەشداری لە مەزادی دراو دەکەن لەعێراقدا خزمەتگوزاری بانکی پێشکەش بە هاووڵاتیانی عێراق  ناکەن، بەڵکو تەنها چالاکییەکانیان قەتیسکراوە لە قازانجکردنی لە فرۆشتنی دراوە بیانییەکان".