گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەندروستیى جيهانى ’’بەڵگەى متمانەپێكراوى هەيە’’ لەسەر گواستنەوەى كۆرۆنا بە هەوادا

2020.07.08 - 09:53
تەندروستیى جيهانى ’’بەڵگەى متمانەپێكراوى هەيە’’ لەسەر گواستنەوەى كۆرۆنا بە هەوادا

ناس کورد- 

لە كۆتاييدا ڕێكخراوى تەندروستیى جيهانى دانينا بەوەدا كە ئەگەرى هەيە ڤايرۆسى كۆرۆنا بە هەوادا بگوازرێتەوە و بەرپرسێكى ڕێكخراوەكەش دەڵێت، بەڵگەى جدى هەيە و پێويستە لێكۆڵينەوەيان لێ بكرێت.

 

بينيديتا ئيلگرانسى، شارەزا لە ڕێكخراوى تەندروستیى جيهانى لە كۆنگرەيەكى رۆژنامەوانيدا لە شارى جنێف ڕايگەياند، ڕێكخراوەكە دەرگاى كراوەيە بۆ وەرگرتنى هەر بەڵگەيەك لەسەر چۆنێتى گواستنەوەى ڤايرۆسى كۆرۆناى نوێ COVID-19.



ڕونيشيكردوەتەوە: "بەڵگەى پێگەيشتوو و متمانەپێكراو هەيە لەسەر ئەوەى كە ڤايرۆسى كۆرۆنا لە ڕێگەى هەواوە دەگوازرێتەوە، بۆيە پێويستە بيركردنەوەمان فراوان بێت دەربارەى ئەو بەڵگانە و لێى تێبگەين."



ئەوەش دواى ئەوەدێت كە ڕۆژنامەى "نيويۆرك تايمز" بڵاويكردەوە، 239 زانا لە زياتر لە 30 دەوڵەتى جيهانەوە بەڵگەيەكيان لە نامەيەكى كراوەدا پێشكەشى ڕێكخراوى تەندروستیى جيهانى كردوە كە تێيدا سەلمێنراوە ڤايرۆسى كۆرۆنا لەڕێگەى پرژەى كۆكە و پژمينى توشبووى كۆرۆنا بە هەوادا دەگوازرێتەوە.



بەهۆى وەڵامدانەوە و كاردانەوە و شێوازى مامەڵەكردنى لەگەڵ ڤايرۆسى كۆرۆنا ڕەخنەيەكى زۆر ڕوبەڕوى ڕێكخراوى تەندروستیى جيهانى دەكرێتەوە، هەروەها لاى خۆشيەوە ولايەتە يەكگرتوەكانى ئەمريكا چەندين جار داواى ئەنجامدانى چاكسازى لە ڕێكخراوەكەدا كردوە و بە لايەنگرى چين تۆمەتبارى دەكات و لە كۆتا كاردانەوەشيدا پارەى ئەمريكاى بۆ ڕێكخراوەكە بڕى.