گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕێککەوتنەکە بۆ 25 ساڵە و هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت

ڕاپۆرتێکی بەریتانی وردەکاری ڕێککەوتنی نهێنی سەربازیی و ئابوریی نێوان ئێران و چین ئاشکرا دەکات

2020.07.07 - 21:17
ڕاپۆرتێکی بەریتانی وردەکاری ڕێککەوتنی نهێنی سەربازیی و ئابوریی نێوان ئێران و چین ئاشکرا دەکات

ناس کورد-

سایمۆن واتکینس، نوسەر و ڕۆژنامەنوسی ئابوریی بەریتانی لە زاری "چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئێران" ناوەڕۆکی ڕێککەوتنێکی نهێنی 25 ساڵە لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆماری چین ئاشکرا دەکات کە بوارەکانی نەوتی و سەربازیی و هەواڵگریی لەخۆگرتووە.

 

ئەو نوسەرە بەریتانییە دەڵێت، هەفتەى ڕابردوو عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران پێشنیازی فەرماندەکانی سوپای پاسداران و دەزگای ئاسایشی سوپای پەسەندکردووە بۆ فراواکردنی هاوکاری و هەماهەنگی 25 ساڵەى سەربازیی و هەواڵگریی لەگەڵ چین.

 

ئەو نوسەرە ئینگلیزییە نوسیویەتی، لە ئەگەری سەرکەوتن و چوونە بواری جێبەجێکردنەوەوە، ئەو ڕێککەوتنە تەواوی هاوکێشە جیۆپۆلۆتیکەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت.

 

"بەپێی ڕێککەوتنەکە، چین و ئێران هاوکاری و هەماهەنگی سەربازیی فراوانی یەکتر دەکەن و ڕوسیاش ڕۆڵێکی گرنگی لە ڕێککەوتنەکەدا دەبێت."

 

ئاشکراشیکرد، بڕیارە لە دووەم هەفتەى مانگی ئابی داهاتوودا نوێنەرانی سەربازیی و هەواڵگریی هەر سێ حکومەتی ئێران و چین و ڕوسیا کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی ڕێکار و وردەکارییەکانی ئەو ڕێککەوتنە. 

 

هەر بەپیی زانیارییەکانی سایمۆن، لە ڕۆژی 9ی تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە فڕۆکە جەنگییەکانی ڕوسیا و چین دەتوانن بنکە سەربازییەکانی ئێران لە هەمەدان، بەندەر عەباس و چابهار و ئابادان بەکاربهێنن.

 

لە ڕاپۆرتەکەیدا ئەو نوسەرە ئینگلیزییە لە زاری سەرچاوە ئێرانییەکانییەوە دەشڵێت، بەپێی هاوکاری و هەماهەنگییەکان، چین و ڕوسیا کەلوپەلی سەربازیی ئەلیکترۆنی پێشکەوتووی خۆیان کە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەى ناتۆ دروستکراون لە ئێران جێگیر دەکەن بە تایبەت لە کەنداوی فارس، هەروەها بەکاریش دەهێنرێن بۆ پشتیوانی لە سیستمی موشەکی بالستی ئێران کە لە ناوچەکەدا هەن، ئەو کەلوپەلانە سیستمی بەرگریی موشەکی وڵاتانی عەرەبی چواردەوری ئێرانیش لاواز دەکات.

 

نوسەرە ئینگلیزییەکە ڕاشیگەیاند، هەر لەگەڵ دانانی ئەو کەلوپەلانە، ڕوسیا سیستمی بەرگریی موشەکی ئێس 400یش لەو ناوچانە دادەنێت لەدژی هێرشە چاوەڕوانکراوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل. لەو چوارچێوەشدا، سیستمی ناسراو بە "کاراسوخای 2 و 4" بۆ ڕوبەڕوبوونەوەى ڕادارەکان و دەستنیشانکردن و دۆزینەوەى فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ئێران دادەمەزرێنێت.

 

بەشیکی تری ڕێککەتنەکەی ئێران لەگەڵ چین و ڕوسیا بریتییە لە ئاڵوگۆڕی زانیاری و مەشقی سەربازری بە فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، بەپێی ڕێککەوتنەکە، ساڵانە 110 فەرماندەى سوپای پاسدارانی ئێران بۆ وەرگرتنی زانیاری و مەشقی سەربازی دەچنە چین و ڕوسیا، هەروەها 110 ڕاوێژکاری چینی و ڕوسی بۆ پێدانی مەشق بە فەرماندەکانی سوپای پاسداران دەچنە ئێران. 

 

"هەروەها سیستمی سەربازیی ئەلیکترۆنی سوپای پاسداران پەیوەست دەکرێت بە سیستمی ستراتیژی و فەرماندەیی هاوبەشی ڕوسیا و چین."

 

ئەو سەرچاوە ئێرانییانە بە نوسەرە بەریتانییەکەیان وتووە، بڕیارە سیستمێکی ئەلیکترۆنی ڕوسی لە بنکەی سەربازی چابهار جێگیربکرێت کە دەتوانێت تەواوی سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئیمارات و سعودیە لە بەرانبەر هێرشە موشەکییەکانی ئێران لاواز و بێکەڵک بکات.

 

سایمۆن نوسیویەتی، ناکۆکی و مشتومڕی ئەمریکا لە لایەک و چین و ڕوسیا لە لایەکی ترەوە لەبارەى درێژکردنەوەى قەدەغەکردنی فڕۆشتنی چەک لەلایەن ئێرانەوە پەیوەندی بەو ڕێککەوتنە سەربازییەى تاران و پەکین و مۆسکۆ هەیە لە بوارەکانی سەربازیی و هەواڵگریی و ئابوری.

 

لە بەرانبەردا، وەک سایمۆن دەڵێت، ئێران ئیمتیازاتی ئابوریی فراوان و تایبەت لە بواری وزە دەداتە چین. هەروەها چین لە ماوەى پێنج ساڵدا بە بڕی 400  ملیار دۆلار لە بوارەکانی نەوت، غاز، پترۆکیمیایی و گواستنەوە و بنیادنانی ژێرخانی ئێران سەرمایەگوزاری دەکات.

 

باسی لەوەشکردووە، ئێران بەڵێنی داوە بە ڕێژەى 12% داشکاندن بکات بۆ چین لە بوارەکانی نەوت و غاز و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی خۆی. بەو شێوەیە، چین تەواوی بەرهەم نەوتییەکانی ئێران بەڕێژەى 32% هەرزانتر لە نرخی بازاڕی جیهانی بە چین دەفرۆشێت.