گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’بۆ کاری تر بەکاردەهێنرێن’’

داوای لابردنی پاسەوانی بەرپرسانی لەکارلابراو و کۆچکردووە دەکرێت

2020.07.07 - 17:38
داوای لابردنی پاسەوانی بەرپرسانی لەکارلابراو و کۆچکردووە دەکرێت

ناس کورد-

شارەزایەکی یاسایی عێراقی دەڵێت، لە کاتی لەکارلابردنی پەرپرسان لە پۆستەکانیان یاخود مردنیان دەبێت پاسەوانەکانیان لەلایەن حکومەت بکشێتەوە و ئاماژەی بەوەشدا، مانەوەی پاسەوانەکان بارگرانی بۆسەر بودجەی دەوڵەت دروست دەکات.  

 

ئەمڕۆ سێشەممە، 7ی حوزەیرانی 2020، عەلی تەمیمی، شارەزای یاسایی عێراقی لە لیدوانێکی تایبەت بۆ ناس کورد وتی: "دانانی پاسەوان تەنها بۆ ئەو بەرپرس و وەزیرانە دەبێت کە بەردەوامن لەکاری حکومی خۆیان، بەڵام هەر کات ئەو بەرپرسانە لە پۆستەکانیان نەمان یاخود مردن ئەوا دەبێت پاسەوانەکانیان نەمێنن و پاسەوانێتیەکەیان هەڵبوەشێتەوە و بگەڕێنەوە فەرمانگە سەرەکییەکانی خۆیان".

 

ئاماژەی بەوەکرد: "پاسەوانەکان بەپێی فەرمانێکی کارگێری دادەمەزرێن یان لە ڕێگەی گرێبەستەوە، هەرکات بەرپرسەکە لە چ پلە و پۆستێک بێت لە کارەکەی نەما یاخود مرد دەبێت ئەو فەرمانە کارگێرییە یان گریبەستە هەڵبوەشێتەوە".

 

ئەو شارەزا یاساییە ڕوونیشکردەوە: "ئەگەر پاسەوانەکان سەر بە دەزگاکانی دەوڵەت بوون وەک فەرمانگەی (پاسەوانێتی) لە وەزارەتی ناوخۆ یان بەرگری ئەوا دەبێت پاش نەمانی ئەو بەرپرسەی کە پێشتر پاسەوانێتیان بۆ دەکرد بگەڕێنەوە دەزگاکانی خۆیان و لە لایەن فەرمانگەکانی خۆیانەوە جارێکی تر ڕاسپێدرێن بە ڕاژەیەکی تر ولە شوێنێکی  تر".

 

تەمیمی دەشڵێت: "مانەوەی پاسەوانەکان لەگەڵ پەرلەمانتار، وەزیر وبەرپرسی لەکارلابردوو بارگرانی زۆر بۆ سەر بودجەی دەوڵەت دروستدەکات، چونکە مانەوەى ئەوان دەبێتە هۆکاری دامەزارندنی کەسانی تر بۆ پاسەوانێتی پەرلەمانتار و بەرپرسانی تازە ئەوەش دەبێتە هۆکاری زیادبوونی ژمارەی بندیوارەکان".

 

هاوکات عودەی عەواد، پەرلەمانتاری عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا داوای لە حکومەت کرد پاسەوانەکانی بەرپرسە لاکارلابراوەکان و مردووەکان بکشێنێتەوە و موچەکانیان بە داتا لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان جێگیر بکات بۆ ئەوەی ژمارەی بندیوارەکان بۆ حکومەت ئاشکرا بێت.

 

ئەو پەرلەمانتارە داواشی لە حکومەت کرد لە هەنگاوی دووەمدا پاسەوانی کەسایەتییە سیاسییەکانیش بکشێنێتەوە، چونکە لە ئێستادا زۆربەی پاسەوانی بەرپرسە لاکارلابراوەکان یان کۆچکردووەکان لەلایەن خانەوادەی ئەو بەرپرسە پێشووانە کاری تریان پێدەکرێت کە پەیوەندی بە کارە سەرەکییەکەی خۆیانەوە نییە کە پاسەوانێتییە.