ناس کورد-
لەدوای کۆبوونەوەی پارێزگاری هەولێر لەگەڵ چەند لایەنێکی پەیوەندیدار بە کێشەی بەشێك لە جوتیارانی هەرێم، چەند بڕیارێک درا بۆ ئاسانکردنی ناردنی بەروبووم بۆ خوارووی عێراق و بازرگانێکی نەوتیش بڕیاریدا، بۆماوەی شەش ڕۆژ ڕۆژانە 45 تۆن تەماتە لە جوتیاران بکڕێت و دابەشی بکات بەسەر هەژاراندا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەندراوێکدا نوسینگەی پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: "دوا بە دوای ئەوەی دوێنێ کۆبوونەوەمان لەگەڵ نوێنەری بەشیك لەو جوتیارانە کرد کە کێشەی ساخبوونەوە و هەرزانی نرخی بەربوومی کشتوکاڵیان هەبوو، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێز وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەولێر، گەیشتینە چەند دەرەنجامێک".
دەرەنجامەکانی کۆبوونەوەکە:
یەکەم: بۆ ساخکردنەوە و كڕینی بەرهەمی تەماتە لەجوتیاران، کارگەی قوتوبەندی هەریر لە نزکترین کات بەگەڕ دەکەوێتەوە و دەست دەکرێت بە کڕینی تەماتە لەجوتیاران بۆ کارگەکە.
دووەم: بەڕێز شێخ باز بۆ هاندانی بەرهەمی جوتیارانی ناوخۆ بڕیاریدا ڕۆژانە (45) تەن تەماتە بۆ ماوەی شەش ڕۆژ بکڕێتەوە و وەک کاری خێرخوازی لە کەمپ و گەڕەکە هەژارنشینەکانی هەولێر دابەشی بکات، ئەم هەڵوێستەش شایستەی ڕێزلێنان و سوپاسە.
سێیەم: بۆ پشتگیریکردن لە فرۆشتنی بەرهەمی جوتیاران لە سنووری پارێزگای هەولێر، بڕیاردرا کارئاسانی بۆ هاتنی سەرجەم بازرگانانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بکرێت بۆ هەولێر، بۆ ئەو مەبەستەش قایمقامی هەولێر ئەمڕۆ سەردانی عەلوەی هەولێری کرد و میکانیزمی گونجاو دانرا بۆ هاتنە ژوورەوەی کڕیارانی تەماتە و بەربوومی کشتوکاڵی.
چوارەم: بڕیاردرا لەمەدوا لەبەرامبەر هەر سندوقێکی بەتاڵی تەماتە و میوە (250) دینار لەلایەن بەقالەکانەوە بۆ جوتیاران بگەڕێندرێتەوە، هەروەها بڕیاردرا بە دابەزاندنی نرخی سندوقی هەڵگرتنی سەوزە و میوە بەشێوەیەکی گونجاو.