گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لیژنەى دارایى: مانگانە دوو ملیار دۆلار بۆ مووچەى بندیوار و خاوەن دوو موچەکان خەرج دەکرێت

2020.07.07 - 09:30
لیژنەى دارایى: مانگانە دوو ملیار دۆلار بۆ مووچەى بندیوار و خاوەن دوو موچەکان خەرج دەکرێت

ناس کورد-

لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند بندیوار و خاوەن دوو مووچەکان مانگانە لەسەر حکومەت نزیکەى دوو ملیار دۆلار دەکەون و ئەوەش حکومەتى ناچار کردووە کە مانگانە زامنى 5,5 ملیار دۆلار بکات تەنها بۆ مووچە.

 

ڕۆژنامەى سەباح-ى نیمچە فەرمى لە ژمارەى ئەمڕۆ (سێشەممە)ى خۆیدا لەسەر زارى لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراقەوە بڵاوى کردەوە "پەرلەمانى عێراق ماوەى 60 ڕۆژى دیارى کردووە بۆ حکومەت بۆ پێشکەشکردنى ئەو چاکسازییانەى کە تیایدا پێویستى بە پاڵپشتى و پشتیوانى پەرلەمان هەیە".

 

لیژنەکە ئاماژەى بەوەش کردووە "تاکە بەربەست لەبەردەم پڕۆژە چاکسازییەکانى حکومەت بوونى لایەن و کەسانێکن کە زەرەرمەندى چاکسازیی دەبن و نایانەوێت حکومەت هەنگاو بە ئاراستەى چاکسازى بنێت.

 

لیژنەکە بەپێویستیدەزانێت بۆ سەرکەوتنى پڕۆژە چاکسازییەکانى حکومەت داواى پشتیوانى و هاوکارى پەرلەمان بکات و بە بڕواى ئەوان ئەوەش هەلێکى باشە بۆ ئەوەى ئەم حکومەتە بۆ گەل و مەرجەعییەتى بسەلمێنێت کە ئەوان بۆ ئەنجامدانى چاکسازى هاتوون.

 

بەهۆى ڤایرۆسى کۆرۆنا و دابەزینى نرخى نەوتەوە، حکومەتى عێراق لەژێر فشارێکى زۆردایە بۆ دابینکردنى مووچەى مانگانەى فەرمانبەران کە سەرچاوەى سەرەکى دابینکردنى مووچەش نەوتە.