گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

بەشداریی کابینەی نوێی حکومەت دەکەن؟

كۆمه‌ڵى ئیسلامى لە کۆتایی ئەمساڵدا كۆنگره‌ ده‌به‌ستێت

2019.04.17 - 21:29
App store icon Play store icon Play store icon
كۆمه‌ڵى ئیسلامى لە کۆتایی ئەمساڵدا كۆنگره‌ ده‌به‌ستێت

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

 

 

ناس كورد - ئه‌حمه‌د مسته‌فا

.

كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان بڕیاریدا له‌ كۆتایی ئه‌مساڵ چواره‌مین كۆنگره‌ى حزبه‌كه‌ى ببه‌ستێت، ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى ئه‌و حزبه‌ش ده‌ڵێت، سه‌ركردایه‌تى كۆمه‌ڵ لیژنه‌یه‌ك بۆ ئاماده‌كارییه‌كانی کۆنگرە پێكده‌هێنێت، لەبارەی بەشدارییکردنی ئەو حزبەشەوە لە کابینەی نوێی حکومەت، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئه‌و دۆخه‌ى دروستكراوه‌ كۆمه‌ڵ بۆ ئه‌و ئاڕاسته‌یه‌ ده‌بات كه‌به‌شدارى له‌ كابینه‌ى نۆ نه‌كات.

.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، كۆبونه‌وه‌ى گشتى كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان به‌به‌شدارى ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى سیاسى و سه‌ركردایه‌تى و چاودێرى و ئه‌ندامانى په‌ڕله‌مان و ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى سیاسى پێشووى ئه‌و حزبه‌ له‌ هه‌ولێر ئه‌نجامدرا.

.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، ئه‌مساڵ كۆتایى به‌ماوه‌ى خولى سه‌ركردایه‌تى ئەو حزبە دێت، لە کۆبوونەوەی گشتی ئەمڕۆی کۆمەڵی ئیسلامیشدا بڕیار لەبارەی ئەنجامدانی کۆنگرەوە درا.

.

كامه‌ران بابانزاده‌، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان به‌ ناس كورد-ى ڕاگه‌یاند، هه‌وڵه‌كان بۆ ئه‌وه‌ن له ‌كۆتایى ساڵ و له‌مانگى كانوونى یه‌كه‌م كۆنگره‌ ببه‌سترێت، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە له‌ كۆبونه‌وه‌کەی ئه‌مڕۆدا بڕیاردراوە به‌ دروستكردنى لیژنه‌یه‌كى ئاماده‌كار بۆ كۆنگره‌ و له‌ ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى كاره‌كانى دیارى ده‌كرێت، وتیشی: "به‌ ته‌واوى ئه‌و تێڕوانین و بۆچونه‌ جیاوازانەی هه‌ن وه‌رده‌گیرێن و به‌پێى سه‌رنج و تێبنییەکان كۆده‌نگى له‌سه‌ر دروستده‌كرێت".

.

کۆمەڵی ئیسلامی لە کوردستان/عێراق، جوڵانەوەیەکی ئیسلامییە لە هه‌رێمى كوردستان و له‌لایه‌ن، عەلی باپیر ئه‌میرى ئێستاى كۆمه‌ڵ، لە مایسی 2001 دامەزرێنراوە، لە ئێستادا لە پەرلەمانی کوردستان حەوت کورسی و لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش خاوەنی دوو کورسییە.

.

كۆمه‌ڵى ئیسلامى تا ئێستا سێ كۆنگره‌ى ئه‌نجامداوه‌، له‌ساڵى 2015 سێیه‌مین كۆنگره‌ى خۆى له‌هه‌ولێر گرێدا، كاتێك بڕیار لەبارەی گۆڕانكارى له‌به‌شێك له‌ سه‌ركردایه‌تى و په‌یڕه‌وى ناوخۆى حزبه‌كه‌ی دەرکرا.

.

كامه‌ران بابانزاده‌، ده‌رباره‌ى كۆنگره‌ى چواره‌م ده‌ڵێت، "له‌كۆنگره‌دا كومه‌ڵى ئیسلامى كوردستان به‌پێى داخوازییه‌كانى ئه‌ندامانى كۆنگره‌، ده‌توانێت گۆڕانكارى له‌ته‌واوى سه‌ركردایه‌تى و په‌یڕه‌وه‌كه‌یدا بكات". ده‌باره‌ى خۆى كاندیدكردنه‌وه‌ى عه‌لى باپیر وەک ئەمیری کۆمەڵ، سەرکردایەتییەکەی کۆمەڵ باس لەوە دەکات کە هێشتا ئەوە ڕوون نییە، "بەڵام لە کۆنگرەی سێیەمیشدا نەیویست خۆی بۆ ئەمیر کانید بکاتەوە، بەڵام بەزۆری ئه‌ندامانى كۆنگره‌ و ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان خۆى كاندید كرده‌وه‌".

.

عەلی باپیر وەتمان لە خێڵی میراودەلی-یە و لە ساڵى 1961 لە گوندی کەنجاڕەی کوێخا قادر-ی سەر بە ناحیەی سەنگەسەر لەدایک بووە،  لە ئێستادا عەلی باپیر ئەمیرى کۆمەڵی ئیسلامییە و پێشتر ئەندامی سەرکردایەتی و پاشان مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بووە.

.

بڕیاردان بۆ به‌ستنى كۆنگره‌، هاوشانه‌ له‌گه‌ڵ گفتوگۆكان بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، گه‌رچى كۆمه‌ڵ تائێستا یه‌كلانه‌بۆته‌وه‌ بۆ به‌شدارى له‌ حكومه‌ت، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ى بڕیاربدات، "دوو دڵی" له‌ هه‌ڵوێستیدا ده‌بینرێت.

.

ده‌رباره‌ى به‌شدارى ئه‌و حزبه‌ له‌ حكومه‌ت، ئه‌و ئه‌ندامه‌ى سه‌ركدایه‌تى كۆمه‌ڵ ده‌ڵێت، "بۆ به‌شدارى كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان، هیچ گفتوگۆیه‌ك له‌نێوان پارتى و كۆمه‌ڵى ئیسلامى نه‌كراوه‌، پارتى له‌ڕاگه‌یاندنه‌كانى ده‌ڵێت پێمان خۆشه‌ كۆمه‌ڵ به‌شدارى بكات، به‌ڵام ئه‌و قه‌سه‌یه‌ نه‌چۆته‌ سه‌ر مێزى گفتوگۆ".

.

كامه‌ران بابانزاده‌، ئه‌وه‌شده‌خاته‌روو، "دواكه‌وتنى پێكهێنانى حكومه‌ت و دروستكردنى ئه‌و دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌، دواجار واپێده‌چێت كۆمه‌ڵ به‌ره‌و لاى به‌شه‌دارینه‌كردن له‌ حكومه‌ت بشێكنێته‌وه‌، كه‌ تائێستا بڕیارى كۆتایى له‌و باره‌وه‌یه‌ نه‌داوه‌".

.

.