گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

  پێشمەرگە ناگەڕێتەوە ناوچە جێناکۆکەکان

ڕاوێژکارێکی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وردەکاریی هەماهەنگى پێشمەرگە و سوپا ئاشکرادەکات

2020.07.06 - 20:58
ڕاوێژکارێکی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وردەکاریی هەماهەنگى پێشمەرگە و سوپا ئاشکرادەکات

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح  

ڕاوێژکارێکی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناکۆکەکان لەلایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بەلاڕێدا براوە، پێشمەرگە ناگەڕێتەوە ئەو ناوچانە، بەڵکو لە داهاتوودا پێکەوە بۆشاییە ئەمنییەکانی ئەو ناوچانە چارەسەردەکەن.

 

دوێنێ (یەکشەمە) وەزارەتی بەرگریی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندبوو، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەسەر دامەزراندنی چوارسەنتەری هەماهەنگی سەربازی هاوبەش لە کەرکوک، نەینەوا، دیالە و مەخمور ڕێککەوتوون.

 

شوان داودی، ڕاوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ ناوچە جێناکۆکەکان لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ناس کوردی ڕاگەیاند  "ئەو جموجوڵەی کە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا کراوە لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەزارەتی بەرگریی عێراق تەنها بۆ پتەوکردنی هەوڵەکانە لە پێناو بەرگرتن لە زیاد بوونی مەترسییەکانی چەکدارانی داعش لە ناوچە دابڕاوەکان".

 

وتیشی "بەگوێرەی ڕێککەوتنەکان نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق هەردووکیان هەماهەنگ دەبن لە نەهێشتنی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە ئەوەش لەڕێگەی دروستکردنی چوار ژوری عەمەلیاتی هاوبەش لە شەنگال، مەخمور، کەرکوک و خانەقین کە مەبەست لێی لێدانی چەکدارانی داعشە لەو شوێنانە کە لەماوەی ڕابردودا بەشێوەیەکی بەرچاوە کردە تیرۆرستییەکانیان زیادی کردووە".

 

بەوتەی شوان داودی، ئەوە دانوستانانەی کە لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراقدا کراوە تەنها بۆ هاریکاریی یەکترە لە کاتی پێویست "نەک بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانەی کە پێش ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر تێیدا بووە".

 

"پێشمەرگە هیچ بارەگا وبنکەی سەربازی لە ناوچە دابڕاوەکاندا نابێت، دەزگاکانی ڕاگەیاندن پرسەکەیان بەلاڕێدا بردووە" شوان داوودی وایوت.

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ، دووشەممە 6ى تەموزی 2020، یەحیا ڕەسوڵ، وتەبێژى سەربازی  مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ناوەندەکانی هەماهەنگى هاوبەش لە نێوان نوێنەرانى وەزارەتى بەرگرى و ناوخۆى فیدراڵ و یەکە سەربازییەکان و وەزارەتى پێشمەرگە لە سێ پارێزگا دروستدەکرێن، جەختیشکردەوە، هیچ گەڕانەوەیەکى هێزەکانى پێشمەرگە بۆ کەرکوک و ناوچەکانى دیکە بوونى نییە.  

 

هەفتەی ڕابردوو شاندێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر داوای وەزارەتی بەرگریی عێراق سەردانی بەغدایان کرد، بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگەش پاش تەواو بوونی کۆبوونەوەکە ڕایانگەیاند، دانوستانەکان بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەردوو لابووە بەتایبەتی لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان.