ناس کورد-
حکومەتى هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، له مانگی تهموزهوه هەموو خەرجییەکانی بەکاربردن دەکاتە دیجیتاڵی، ئەوەش "هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی لە نێوان دامودەزگاکانی حکومەت بە شێوەیەکی مۆدێرن و هاوچەرخانە و کەمکردنەوەی گەندەڵیی بە شێوەیەک کە هەموو خەرجییەکانی رۆژانەی حکومەت بە سیستمی ئۆنڵاین ئەنجام بدرێن."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری ڕایگەیاند، به فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو خەرجییەکانی بەکاربردن لەم مانگەوە بە دیجیتاڵ دەکرێت.
وتیشی، "ئەم پێشکەوتنە بەشێکە لە هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم بۆ بە مۆدێرنکردنی کارەکانی حکومەت و هەنگاوێکی گرنگ دەبێت لە پێناو نەهێشتنی ڕوتین و هەوڵدان بۆ کارا کردن و چالاککردنی کاروباری هاوڵاتییان، هەروەها بەشێکیشە لە پرۆسەی چاکسازی کە سەرەنجام دەبێتە هۆی زیادبوونی روونی و شەفافییەت و کەمکردنەوەی گەندەڵی."
وەزیری دارایی جەتیکردەوە "تا زیاتر بتوانین کۆنترۆڵی خەرجییە بەکاربەرەکانی حکومەت بکەین، زیاتر دەتوانین کار لەسەر پڕۆژەی گرنگ لە بواری خزمەتگوزاریی گشتی و سوودی هاووڵاتییان بکەین."
پڕۆژەکە لەلایەن فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرێوەبەرایەتی گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی ئامادە کراوە.
ئاواتی شێخ جەناب دەشڵێت، "ئەم سیستەمە ئۆنڵاینە لەم مانگەوە لە هەموو دامودەزگاکانی حکومەت جێبەجێ دەکرێت و هەموو خەرجییەکانی حکومەت تا کۆتایی مانگی تەموز، لە رێگەی ئەم سیستەمەوە بەردەست دەبێت و داتاکان لە سەنتەری داتای حکومەت کۆ دەکرێنەوە. ئەمەش وا دەکات حکومەت کۆنترۆڵی بەسەر خەرجییەکانییەوە هەبێت و داتاکانیش دەتوانن بۆ دانانی پلانی ستراتیجیی دارایی یارمەتیدەر بن."