گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕوونکردنەوەى حکومەتى عێراق لەبارەى دەنگۆی گەڕانەوەى پێشمەرگە بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان

2020.07.06 - 18:32
App store icon Play store icon Play store icon
ڕوونکردنەوەى حکومەتى عێراق لەبارەى دەنگۆی گەڕانەوەى پێشمەرگە بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان

ناس کورد-
وتەبێژى فەرماندەی گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق ڕەتیکردەوە هێزەکانى پێشمەرگە دووبارە بگەڕێنەوە کەرکوک و ناوچەکانى دیکە و دەڵێت، ئەوەى هەیە تەنها پرسی دروستکردنى ناوەندی هەماهەنگى هاوبەشە بۆ ئاڵوگۆڕى زانیارى و روبەڕووبونەوەى داعش.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

یەحیا ڕەسوڵ، وتەبێژى مستەفا کازمى، فەرماندەی گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق بە میدیاى فەرمى عێراقى ڕاگەیاندووە، سەنتەرەکانى هەماهەنگى هاوبەش کە گفتوگۆیان لەسەرکراوە، لە سێ پارێزگا دەبن بەبەشدارى نوێنەرانى وەزارەتى بەرگرى و ناوخۆى فیدراڵ و یەکە سەربازییەکان و وەزارەتى پێشمەرگە.

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، کارى ئەو سەنتەرانە ئاڵوگۆڕى زانیارى و هەماهەنگییە بۆ روبەڕووبونەوە و چاودێریکردنى جموجۆڵەکانى داعش.

 

یەحیا رەسوڵ جەختیکردووەتەوە، هیچ گەڕانەوەیەکى هێزەکانى پێشمەرگە بۆ کەرکوک و ناوچەکانى دیکە بوونى نییە.

 

ئەوە لەکاتێکدایە، پێشتر جەبار یاوەر ئەمیندارى گشتى وەزارەتى پێشمەرگە لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاندبوو، رێککەوتن کراوە لەسەر دروستکردنى چوار سەنتەرى هەماهەنگى هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان لەناوچەکانى سنورى ماددەى 140 کە پێکهاتوون لە دیالە و کەرکوک و مەخمور و موسڵ.  

  

ئاماژەى بەوەشکردبوو، لەئێستادا گفتوگۆ هەیە لەبارەى میکانیزمى کارکردنى ئەو سەنتەرانە.

 

دوێنێش  فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان ڕایگەیاند، لەگەڵ هێزەکانى پێشمەرگە رێککەوتوون بۆ دروستکردنى سەنتەر و خاڵى هاوبەش بۆ کۆنتڕۆڵکردنى سەقامگیریی ئەو ناوچانەى کە هێزەکانى پاسەوانى هەرێم و هێزە فیدراڵییەکانى تێدا نییە.

 

ئەو پێشهاتە دواى کۆبوونەوەکەى پێنجشەممەى ڕابردووى وەزارەتى پیشمەرگە و وەزارەتى بەرگرى عێراق دێت بەمەبەستى دروستکردنەوەى هەماهەنگى سەربازى و پاراستنى سنورەکان.  

 

دواى کۆبوونەوەکە، وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەنراوێکدا ڕایگەیاندبوو، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، گفتوگۆ کراوە لەبارەی کاراکردنه‌وه‌ی لیژنه‌ی‌ كاری هاوبەش و ناوه‌نده‌كانی هه‌ماهەنگی هاوبه‌ش كه‌ پێشتر له‌ نێوان هەردوولادا هه‌بوون.  

  

هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، هەروەها لەکۆبوونەوەدا باس له‌ چۆنیەتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان كرا به‌تایبه‌ت كه‌ ئێستا مه‌ترسیه‌كانی تیرۆریستانی داعش زیادى كردووه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وامن له‌سه‌ر ئاسایشی ناوچەكانی مادده‌ی 140.